سرووشتی جەنگ بە کۆتاییەکەیەتی، نەک بە کۆتایی پێکدادانی سەربازی، بەڵکو بەو ئەنجامانەی کە لایەنەکانی جەنگەکە بەدەستی دەهێنن، بۆیە لێرەدا باس لە رەهەندی سەربازی نییە، باس لە بەدەستهێنانی ئامانجە راگەیێندراوەکان و ئەوانەشە کە سرووشتی جەنگەکە بە تێپەڕبوونی کات دەیهێنێتە کایەوە. بۆیە لێرەدا دەمانەوێت ئەو دەستکەوتانەی ئێران ریزبەند بکەین بە کورتی، هەندێکیان شکست پێهێنانی ئەمریکا و ئیسرائیلە لە بەدیهێنانی ئەو درووشمانەی کە جەنگیان لەپێناودا بەرپاکرد، یان ئەوانەی کە ئێران لە رۆژانی جەنگدا دروستیکردن، هەنوکەیی و کاتی، یان ستراتیژی و دورمەودا:
1- ئێران هەرگیز بانگەوازی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەکردووە تاوەکو ئێستا لێی پاشگەز ببێتەوە، تەنها پڕوپاگەندەی بۆ بەرنامەی ئەتۆمیی بۆ ئامانجی پیشەسازیی مەدەنی دەکرد، ئێستا لە یاداشتنامە چواردە خاڵیەکەدا ئەو مافەی بۆ خۆی سەند، ترەمپ لە هەڵتەکاندن و هەڵوەشاندنەوەی پرۆژەی ئەتۆمی و کارگە و کۆمپانیا ئێرانییەکان پاشگەزبووەوە، ترەمپ لەوەش زیاتر گوتی: ناکرێت دراوسێکانی ئێران وزەی ئەتۆمییان هەبێت و ئێران نەیبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و شتی دیکەی ئاسایی.
2- لەناوبردنی مووشەکە قورس و دورمەوداکانی ئێران دووەمین ئامانجی جەنگ و مەرجی ئاشتی بوو لەگەڵ ئێران دا، بەتایبەت لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێران بە هیچ جۆرێک ئامادەی تەنانەت گفتوگۆش نەبوو لەسەری، ئێران لەوەشدا سەرکەوت و ترەمپ گوتی نابێت شانشینی سعودییە مووشەکی هەبێت و ئێران نەیبێت.
3- گرووپە چەکدارە پرۆئێرانییەکان بەتایبەت لە لوبنان، سێیەمین ئامانجی بەرپاکردنی جەنگ بوو، تووندڕەوە کۆمارییەکان بەرنامەی ورد و سەرشۆڕکەریان بۆ ئەو دۆسیەیە داڕشتبوو تاوەکو بیسەپێنن بەسەر ئێران دا، بەڵام ئەنجام ئەوە بوو کە ئێران زیاتر یەکپارچەیی لەگەڵ ئەو گرووپانەدا، کە بە هاوپەیمانەکان دەیانناسێنێت، تووند کرد. لە خاڵی یەکەمی رێککەوتننامەکەدا ئیسرائیلی ناچار کرد کە جەنگ لە لوبنان رابگرێت و بەیرووتی بە هێڵی سوور دیاریکرد، ترەمپ و نەتەنیاهووش پەسندیان کرد.
4- لە رێگادا، واتە لە رۆژەکانی جەنگدا، ئامانجی دیکە دەستکەوت، درووشمی یەکەمی جەنگ کە لە دوو گوتاری بەرپاکردنیدا لەلایەن ترەمپ و نەتەنیاهووەوە بە ئاشکرا گوترا گۆڕینی رژێم بوو، نەک هەر رژێم مایەوە، بەڵکو سنووری بۆ هێزی سەربازیی زلهێزترین وڵاتی جیهان دانا، بە هەموو جیهانی سەلماند کە سنووری جەنگی سەربازیی ئەمریکی لە کوێدایە، نیشانەی پرسیاری جیددیی لەسەر داهاتووی ئاسایشی ئەمریکا و بوونی سەربازیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دانا.
5- وەک هونەرێکی جەنگاندن، کە دەخوازێت لە ساتەکانی لێکداندا کارتی دیکەی هێز دروستبکەیت و لە جەنگەکەدا بەکاریبهێنیت، تاوەکو بتوانی دانوستاندنکارێکی بەهێز و سەربەرز بیت، ئێران تەنگەی هورمزی بەکارهێنا و دایخست بەڕووی کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییەکاندا ، کە وەک تەواوی شیکارەکانی جیهان دەڵێن، داخستنی تەنگەی هورمز لە بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی سودبەخشتر بوو بۆ ئێران، لەگەڵ نەڕووخان و رادەست نەبوون، ئەمریکای ناچار بە وەستاندنی جەنگ و واژۆکردنی رێککەوتننامە کرد. سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پاساوی رێککەوتننامە 14 خاڵیەکە بە روونی گوتی: نامەوێت ببمە هۆکاری قاتوقڕی و وشکبوونی جووڵەی ئابووری لە جیهاندا. نامەوێت وەک ئەلبێرت هۆبەری سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بم.
6- ئێران هێزی سەربازیی خۆی پیشان بە وڵاتانی عەرەبیی کەنداو دا، بە کردەوە بۆی سەلماندن کە بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی ئەواندا دەبێتە هۆکاری بەئامانجگرتنیان، ئەوانیش لەوە تێگەیشتن کە چەند بێ دەسەڵاتن بەرامبەر بە دراوسێی کەناری رۆژهەڵاتی کەنداو، پرسیاری هەڵسەنگاندنی سوود و بێ سوودیی ئەو بنکە سەربازیانەی لەلا دروستکردن. هەر بەو هۆیەشەوە ئێرانییەکان داخێک کە لە سەردەمی جەنگ لەگەڵ عێراق دا لە دڵیدا هەڵیگرتبوو بۆیان، ئەو داخەشی پێڕشتن و وەک دەڵێن، دڵی ئاوی خواردەوە.
7- لەکارخستنی رێژەیی زیاد لە 18 بنکەی سەربازیی ئەمریکی، بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵی CNN و رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەمەش هێزی بالیستییەکان و تەکنۆلۆژیای سەربازیی ئێرانی بۆ نەیارەکانی دەرخست.
8- رێککەوتن لەسەر هەڵگرتنی سزای ئابووریی سەر ئێران کەم کەم و بە پلەبەندی و بە بەرامبەر، هەروەها ئازادکردنی راستەوخۆی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە قەتەر، کە ئەمە گەورەترین دەرگای هەناسەدانی دەوڵەت و سەرجەم گەلی ئێرانە.
9- لەڕووی ستراتیژەوە، ئێران دوو ئامانجی گەورە و دورمەودا و بنچینەیی ئەمریکای شکست پێهێنا، ئەویش: نەچوونە ژێرباری نەخشەی سیاسیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رادەستنەکردنی نەوتی ئێران بە ئەمریکا و دوورنەخستنەوەی لە چین؛ کە ئەمە ئامانجی سەرەکیی رانەگەیێندراوی جەنگ بوون وەکو بەشێک لە لەمپەر دروستکردن لە رێگای گەشەسەندنی ئابووریی وڵاتی گەورەی چین دا.
10- شکست پێهێنانی پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە، تەواو لەباربردنی نەخشە و پلانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گۆڕانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بۆیە ئیسرائیلییەکان نایشارنەوە کە یاداشتنامە 14 خاڵیەکە ناپاکییە بەرامبەر ئیسرائیل.
11- ئێران لەم جەنگە دەربازی بوو بە بوێرییەکی زیاترەوە بەڕووی ئەمریکادا، ترسی جەنگاندنی لەگەڵ ئەمریکادا نەما، زۆر خۆی لادا، زۆر بە جددی هەڕەشەکانی ئەمریکای دەگرت، بەڵام بێ پلانی و ناجێگیریی دەروونی و عەقڵیی ترەمپ ئەو ترسەی شکاند، ئێران لەم جەنگە دەربازی بوو، لەڕووی ستراتیژەوە بەهێزتر و بەمتمانەترە بە خود. فێری نەخشە و چۆنیەتیی جەنگی سەردەمی تەکنۆلۆژیا و زیرەکیی دەستکرد بوو.
12- لە هەمووی گرنگتر، کۆدەنگی و یەکپارچەیی و تۆکمەیی ناوخۆ، گەلی ئێران تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش یەکدەنگ بوون دژ بەم جەنگە، ئەمەش سامانێکی بەنرخ و زۆر بە بەهایە و پێی دەگوترێت هێزی نیشتمانی، ئەم جەنگە نەبوایە بە ئاسانی نەدەهاتە دی.
بەڵام ئەو پرسیارە سەرەکییەی کە بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێت، ئەوەیە: ئایا پاش ئەم جەنگە و ساڕێژبوونی لێکەوتەکانی، ئێران دەبێتەوە بە وڵاتێکی ئەندامی ئاسایی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟

.jpg&w=3840&q=75)

