ڕۆماننووسی جیهانی فیۆدۆر میخائیلۆڤیچ دۆستۆیڤسكی (1821-1881) یەكێكە لە ڕۆماننووسە ناودارەكانی جیهان كە تا ئێستاش ڕۆمانەكانی لە دنیادا دەخوێندرێنەوە و لەبارەیانەوە دەنووسرێت. دۆستۆیڤسكی چەندین ڕۆمانی درێژ و كورتی نووسیون، بەڵام زیاتر بە هەردوو شاكاری ؛تاوان و سزا؛ و ؛برایانی كارامازۆڤ؛ ناسراوە كە بۆ سەرجەم زمانە زیندووەكانی جیهان وەرگێڕدراون.
ئانا گریگۆریڤنا ژنی دووەمی دۆستۆیڤسكی هەمیشە پاڵپشتێكی گەورەی دۆستۆیڤسكی بووە و وەكو فریادڕەسێك بووە بۆی، بەمەش زۆر جار وەك قوربانی دەبینرێت و زۆر جاریش وەك یاریدەدەرێكی بەهێز بووە بۆ دۆستۆیڤسكی. ئانا بووەتە هۆی ئەوەی كە دۆستۆیڤسكی بە یەكجاری واز لە قومار بهێنێ و بگەڕێتەوە سەر ڕێچكەی ژیانی ئاسایی. بە شێوەیەكی زۆر لەخۆبوردووانە خزمەتی هاوسەرەكەی و بەرهەمەكانی كردووە، بە ڕادەیەك دەتوانین بڵێین ڕەنگە ئانا ئەگەر لە ژیانی ئەودا نەبووایە، سەركەوتنەكانی فیۆدۆر دۆستۆیڤسكی وەها مەزن نەدەبوون.
بەڵێ لە بەرامبەر ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونەی ئانای خێزانی، دۆستۆیڤسكیش رێزێكی زۆری لێناوە و هەمیشە سەرنجەكانی ئەوی بەلاوە گرینگ بووە، چون ئانا یەكەم كەس بووە كە بەرهەمەكانی ئەوی خوێندووەتەوە و پێداچوونەوەی بۆ كردوون، ئانا لەوبارەوە دەڵێت: "من سەبارەت بەو، ئاوێنەیەك بووم، لە میانی منەوە ئاستی سەركەوتنی ڕۆمانەكانی دەبینی، من یەكەمین خوێنەری ئەو بووم، ئەو بۆچوونی منی بەلاوە گرینگ بوو، جەختی دەكرد كە زۆر جار ڕاستیی بۆچوونەكانی منی بۆ دەركەوتووە، دوای ئەوەی بە بۆچوونی خوێنەر و ڕەخنەگراندا چووەتەوە".
ئانا گریگۆریڤنا لە دوای مردنی مێردەكەی بیر لەوە دەكاتەوە كە بیرەوەری ژیانی هاوسەرییان بنووسێتەوە، بۆیە بۆ ماوەی پێنج ساڵ (1911- 1916) سەرقاڵی نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی بووە كە دواجار لە كتێبێكی بچووكدا تۆمار كراون و بەوەش جوانترین بیۆگرافیای دۆستۆیڤسكی نووسیوەتەوە. ئانا باسی قۆناغێك دەكات كە تیایدا دۆستۆیڤسكی گرینگترین شاكارە گەورەكانی نووسیوە، بە تایبەتی (گێلە، شەیتانەكان، تاوان و سزا، برایانی كارامازۆڤ و ...)، لە سەرجەم ئەو كارانەیدا ئانا لەگەڵا دۆستۆیڤسكی بووە.
لێرەدا ئێمە هەوڵ دەدەین تەنیا تیشك بخەینە سەر ئەو بیرەوەرییانەی كە ئانا لەبارەی نووسین و خوێندنەوەی دۆستۆیڤسكی تۆماری كردوون.
ئانا باسی یەكەم ناسینی دۆستۆیڤسكی دەكات كە لە ڕێگەی مامۆستاكەیەوە بە مەبەستی نووسینەوەی ڕۆمانی (قومارچی) ئاشنایەتی لەگەڵا دۆستۆیڤسكی پەیدا دەكات، دواتر بەردەوام دەبێت لەگەڵی تا سەرەنجام دەبێتە ژنی دووەمی دۆستۆیڤسكی.
ئانا لەبارەی نووسینی دۆستۆیڤسكی دەڵێت: "پێم سەیر بوو لە قسەكانیدا بەلای ئەوەدا نەدەچوو كە لە گەنجیدا كچێكی خۆشویستبێ. وابزانم هۆكارەكەی ئەوە بوو هەر لە تەمەنی زووەوە هەموو كاتەكانی تەرخان كردبوو بۆ نووسین. لە ڕاستیدا نووسین وای لێكردبوو كە ژیانی تایبەتی خۆی بخاتە پلەی دووەمەوە".
هەروەها دەڵێت:
- دۆستۆیڤسكی بە شەو تا سەعات سێ یان چواری بەیانی خەریكی نووسین بوو، بە ڕۆژیش درەنگ لە خەو هەڵدەستا، دوای نانخواردن دەستی دەكردەوە بە كار. دوای كاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆ دەچوو بۆ قاوەخانەیەك بۆ ماوەی دوو كاتژمێر خەریكی خوێندنەوەی ڕۆژنامەی ڕووسی و بیانی دەبوو. كاتژمێر حەوتی ئێوارەش وەك هەمیشە بۆ ماوەیەكی زۆر پیاسەمان دەكرد، دوای ئەوە دۆستۆیڤسكی بەرهەمێكی تازەی پێ دەنووسیمەوە، یاخود كتێبی فەڕەنسی دەخوێندەوە.
- كاتێك چووین بۆ فلۆرەنسای پایتەختی ئەوسای ئیتاڵیا، لە كتێبخانە جوانەكەی ئەو شارەدا دوو ڕۆژنامەی ڕووسیمان بینی، ئەمە وای لە مێردەكەم كرد ڕۆژانە ئاگاداری بارودۆخی نیشتمان بێت. بۆ ئەو چەند مانگەی زستانیش چەند كتێبێكی خواست، لەوانە دانراوەكانی ڤۆڵتێر و دیدرۆ، ئەو كتێبانەی بە زمانی فەڕەنسی خوێندەوە.
- ساڵی 1869 هات و لەگەڵ خۆیدا خۆشیی بۆ هێناین، دەركەوت دیسان دووگیانم و سكم هەیە، دۆستۆیڤسكی زۆر بە وردی بایەخی بە تەندروستیم دەدا، تەنانەت یەكێك لە بەرگەكانی ڕۆمانی (شەڕ و ئاشتی)ی ڕۆماننووسی لاو (لیۆ تۆلستۆی)ی لێ شاردمەوە، كە تازە چاپ كرابوو، تەنیا لەبەرئەوەی ڕۆماننووس لەو بەرگەدا وەسفی مردنی ژنی میر ئەندرێ بۆلكۆنسكی دەكات كە لە كاتی ژانی منداڵبووندا دەمرێت. ئەو لەوە دەترسا ئەو وەسفە هونەری و نایابەی تۆلستۆی كار لە من بكات.
- كاتێك ئێمە لە دەرەوەی وڵات بووین، بافڵی كوڕی دۆستۆیڤسكی وێرابووی هەموو شتە بە نرخەكانی كتێبخانەی مێردەكەم بفرۆشێت. لەناوچوونی كتێبخانەكەی لێدانێكی سەخت بوو لە دۆستۆیڤسكی.
بیركردنەوەی قووڵ یەكێكە لە تایبەتمەندییەكانی زانا و ئەدیبانی جیهان، بە جۆرێك كاتێك ڕوودەچنە بیركردنەوە هەست بە هیچ شتێك ناكەن كە لە دەوروبەریاندا دەگوزەرێت، ئانا زۆر جوان باسی بیركردنەوە قووڵەكانی دۆستۆیڤسكیمان بۆ دەكات و دەڵێت: "(ڤاسیلی بیرۆڤ) یەكێك بوو لە نیگاركێشە بە ناوبانگەكان، توانی وێنەی (چركەساتی داهێنان)، یان دۆشدامانی دۆستۆیڤسكی بگرێت، كە زۆر جار ئەو ساتەوەختەم بینیوە، كاتێك بۆ ئیشێك دەچوومە كتێبخانەكەی، دەمبینی چووەتە نێو قووڵایی ناخی خۆیەوە، دەهاتمە دەرێ بێ ئەوەی بیدوێنم. دواتر بۆم دەردەكەوت هەستی بە بوونی من نەكردووە، باوەڕی نەدەكرد من لەو ساتەدا هاتووم بۆ ژوورەكەی".
دوای مردنی دۆستۆیڤسكی، ئانا ناوەستێ، بەڵكو 38 ساڵی تر خۆی بە بەرهەمەكانی هاوسەرەكەیەوە خەریك دەكات. لەوبارەوە دەنووسێت: "دۆستۆیڤسكی هەر لە گەنجییەوە خەونی بەوەوە دەبینی خۆی بەرهەمەكانی خۆی چاپ بكات. من لەلای خۆمەوە خۆشحاڵیم بۆ ئەم بیرۆكەیە دەربڕی و بە حەماس بووم بۆی، ئەوكاتە نەمدەزانی لە پاش مردنی مێردەكەشم 38 ساڵی ژیانی خۆم بۆ ئەو كارە تەرخان دەكەم، دۆستۆیڤسكی هەر لە ساڵی 1873وە مافی لە چاپدانی بەرهەمەكانی بە من دابوو. لەو دەمانەدا هیچ یەكێك لە نووسەرانی ڕووس بوێریی ئەوەیان نەدەكرد لەسەر ئەركی خۆیان بەرهەمەكانی خۆیان چاپ بكەن. ئێمە لەم سەركێشیەدا پێشڕەو بووین".
بیرەوەرییەكانی ئانا گریگۆریڤنا، لەلایەن دوكتۆر نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد كراوە بە كوردی و ساڵی 2016 لەلایەن ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوكراوەتەوە.
Hawkar_ash@yahoo.com
Hawkar_ash@yahoo.com

.jpg&w=3840&q=75)

