رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارانی کورد و تورکمان لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، هۆشدارییان لە پەراوێزخستنی پێکهاتەکانیان لە خولە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق دا، کە تێیدا عەرەب زیاتر لە 90%ـی پشکەکانی بردووە و کورد و تورکمان 1% تێپەڕ ناکەن. هاوکات هۆشدارییان دایە وەزارەتە فیدراڵییەکان لە دەستبەسەرداگرتن و دابەشکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمان لە کەرکووک.
رۆژی دووشەممە، نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان (پارتی و یەکێتی) و فراکسیۆنی تورکمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە بەشداریی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەرشەد ساڵحی و مازن غەریب، دژی پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان لە پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140 کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان لە پەرلەمانی عێراق کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتییان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
"عەرەب 90%ـی پشکەکانی بردووە و کورد و تورکمان 1%ـن"
پەرلەمانتارانی کورد و تورکمان تیشکیان خستە سەر پرسی وەرگرتنی خوێندکاران لە کۆلێژەکانی پۆلیس، پەیمانگەی باڵای پەرەپێدانی ئەمنی و ئیداری و خولەکانی وەزارەتی ناوخۆ.
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "ناڕەوایە و قبووڵکراو نییە پۆلیس یان سوپا لە یەک پێکهاتە بێت. لە پارێزگایەکی هەستیاری وەک کەرکووک نە کورد و نە تورکمان لە کۆلێژەکانی پۆلیس وەرناگیرێن. ئەمە پێشێلکردنی ئاشکرای مادەی 9ـی دەستوورە کە دەڵێت دەبێت هێزە ئەمنییەکان هاوسەنگیی پێکهاتەکانی گەلی عێراقی تێدا رەچاو بکرێت.".
ساڵحی هۆشداریشی دا کە ئەگەر بڕیارەکە راست نەکرێتەوە، پەنا بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی لە دادگەی فیدراڵی دەبەن.
هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆکوەزیران کرد، وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکان لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێنێت "بۆ راستکردنەوەی ئەم هەڵەیە."
شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، لە یاسای بودجەی سێ ساڵەشدا دەق جێگیرکراوە کە دەبێت لە گرێبەستەکانی پۆلیسدا هاوسەنگیی پێکهاتەکان رەچاو بکرێت.
هاوکات مازن غەریب، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی، "لە هەموو ساڵانی رابردوودا بەشی کورد تەنیا 1% بووە و تورکمانیش بە هەمان شێوە، لە کاتێکدا پێکهاتەی عەرەب 90% و زیاتری بردووە."
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی باسی لەوە کرد، "لە دوایین خولی کۆلێژی پۆلیس لەنێو زیاتر لە 250 کەسدا، تەنانەت 5 خوێندکاری کورد و تورکمان وەرنەگیراون، ئەمەش نادادپەروەرییەکی زەقە."
لە تەوەرێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، نوێنەرانی کورد و تورکمان بە تووندی هاتنە دەنگ دژی هەوڵەکانی وەزارەتەکانی نەوت و کشتوکاڵی عێراق بۆ دابەشکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک.
د. شاخەوان عەبدوڵڵا روونکردنەوەی دا: "کۆمپانیای نەوتی باکوور و وەزارەتی کشتوکاڵ بە نیازی ئەوەن زەوییەکانی ناوچەی گورگەچاڵ و ناوچە کوردی و تورکمانییەکان دابەش بکەن، کە ئەمەش درێژەپێدەری سیاسەتی تەعریبە و پێچەوانەی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2025ـە کە لە پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس دەرکراوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی، "ئێمە نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی دەستەی دەستپاکی و دەستەی وەبەرهێنان کردووە و لەگەڵ پارێزگاری کەرکووکیش قسەمان کردووە کە تا دەرچوونی رێنمایییەکانی یاساکە، نابێت دەست بۆ هیچ بستە زەوییەکی کەرکووک ببرێت."
هەر لەو بارەیەوە، ئەرشەد ساڵحی رایگەیاند، "هەندێک وەزیر وادەزانن وەزارەتەکان موڵکی باوک و عەشیرەتی خۆیانە. ئێوە مافی ئەوەتان نییە بە ناوی پڕۆژەی نەوت و وەبەرهێنانەوە دەست بەسەر سێ لەسەر چواری زەوییەکانی کەرکووکدا بگرن کە موڵکی زەوتکراوی کورد و تورکمانن لە سەردەمی رژێمی پێشوو."
ساڵحی هۆشداریشی دایە بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی تاپۆ، شارەوانی و کشتوکاڵی کەرکووک و گوتی، "ئاگاداری خۆتان بن نەکەونە ژێر گوشاری سیاسیی هیچ لایەنێک بۆ واژۆکردن و دابەشکردنی ئەو زەوییانە، بە پێچەوانەوە هەمووتان دەدەینە دەستەی دەستپاکی، ئەگەر ئەم زێدەڕۆیییەش رانەوەستێت، خۆمان رێپێوان و خۆپێشاندانی جەماوەری دژی وەزیرە تائیفی و شۆڤێنییەکان لە کەرکووک رێکدەخەین."



