هەڵەن ئەوانەی بە چاوێكی رۆمانسی سەیری سیاسەت و سیاسەتوانان دەكەن، ئەوانەش كە ئاو لە ئاشی داگیركەرانی كوردستان دەكەن لەوان زیاتر هەڵەن.
هەتا دوێنێ خەڵكێك دەیانگوت مەسەلەی سەربەخۆیی لەلای مەسعود بارزانی تەنیا بۆ گوشارە، بەڵام دەركەوت وانییە.
لە سایەی سیستەمی دیموكراسی ئەگەر 50٪ + 1 بە بەڵێ دەنگبدەن بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی 25-9-2017، ئەوا بەرەو سەربەخۆیی هەنگاودەنێین.
راستە مەسعود بازانی ماوەیەكی زۆرە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ـ عێراقە، بەڵام ئەگەر زۆرینەی گەلی كوردستان لە 25-9 بە بەڵێ دەنگبدەن، كە رەنگە بەلایەنیكەم 65٪ ی خەڵك دەنگ بە بەڵێ بدەن، ئەوا لەڕووی یاسایی مەسعود بارزانی (ئەگەر خۆی بیەوێت) دەتوانێ بۆ خولێك یان دووان، خۆی كاندید بكات بۆ ئەوەی ببێتە یەكەم سەرۆكی كۆماری كوردستانی سەربەخۆ.
هەرچەندە دەڵێن ئەم ریفراندۆمە بۆ هیچ حیزب و لایەنێك نییە، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە، ئەگەر جورئەت و ئازایەتی و ئەزموونی مەسعود بارزانی نەبووایە، ئەوا دڵنیام هیچ سەركردەیەكی دیكەی كورد غیرەتی ئەوەیان نەدەكرد باسی ریفراندۆم و جاڕدانی سەربەخۆیی بكەن.
ئەم پیاوە هەر لە رووخانی رژێمی بەعس و سەددام حوسێن لە 2003 ەوە هیچ بۆنەیەك نەبووە باس لە مافی سەربەخۆیی نەكات، كۆماری كوردستان شایستەی سەركردەی لەم جۆرەیە. مەسعود بارزانی دەتوانێ بۆ دوو خولی دیكە ببێتە سەرۆكی كۆماری كوردستانی سەربەخۆ.



