رووداو- هەولێر
جانا داوود، خانمە گۆرانیبێژی كوردی رۆژئاوای كوردستان، بە پێچەوانەی زۆر لە هونەرمەندانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان و سووریا بەگشتی كە لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕ زێدی خۆیان جێهێشت، ئەو بڕیاری دا لە قامشلۆ بمێنێتەوە.
ئەو دەڵێت دەرفەتی زۆری هەبوون بۆ سەفەركردن، بەڵام پێیوایە لە قامشلۆ ئارامتر نییە، بۆیە نەیویستووە ئەوێ جێبهێڵێ. جانا داوود لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) چیرۆكی تۆماركردنی یەكەم گۆرانی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت یەكەم گۆرانی كە لە شیعر و ئاوازی خۆی بووە، بۆ مەرگی سێ شەڕڤان بووە.
رووداو: خەڵكێكی زۆر قامشلۆیان جێهێشتووە، بەڵام تۆ هێشتا لەوێی، نهێنییەكەی چییە؟
جانا داوود: وێڕای ئەوەی دەرفەتی زۆرم بۆ رێكەوت بۆ سەفەر و بۆ دووركەوتنەوە لە رۆژئاڤا. وێڕای سەختیی دۆخی قامشلۆ لە هەموو روویەكەوە، بەڵام من دڵنیام لەوەی جگە لە وڵاتەكەم لە هیچ شوێنێكی دیكەی ئەم جیهانە ئارام ناگرم و دڵخۆش نابم. بۆیە نامەوێ قامشلۆ جێبهێڵم.
رووداو: كەی دەستت بە گۆرانیگوتن كرد؟
جانا داوود: لە منداڵییەوە گۆرانی دەچڕم. خێزانەكەم بەردەوام پێیاندەگوتم كە دەنگم خۆشە، بەڵام لە سەرەتای دەستپێكردنی شۆڕش، سێ گەنجی بنەماڵەكەمان شەهید بوون كە شەڕڤانی یەكینەكانی پاراستنی گەل بوون، منیش شیعرم بۆ نووسین و گۆرانییەكم بۆ چڕین. ئەمەش بووە یەكەم بەرهەمی تۆماركراوم.
رووداو: كێ لە خێزانەكەت زۆر هانی داویت و دركی بەوە كرد كە دەنگت خۆشە؟
جانا داوود: خانەوادەكەم هەواداری هونەرن، ئەوان بە گشتی هانیانداوم بۆ ئەوەی بچمە نێو جیهانی هونەر، بەتایبەتی برا گەورەكەم، ئەو بەشێوەیەكی بەردەوام چاودێریی دەكردم و هانی دەدام و پێیدەگوتم كە دەبێت ئەم دەنگە ناوازەیە ئاراستەی گەل و نیشتمان بكەیت. بۆ ئەوان ماندوو ببم و هەر ئەویش بوو دركی بەخۆشیی دەنگی كردم كاتێك تەمەنم تەنیا 10 ساڵ بوو.
رووداو: هیچ ئاستەنگێكت هاتووەتە پێش لە كاری هونەریدا؟
جانا داوود: هیچ ئاستەنگێكی ئەوتۆ رێگریی لێنەكردم، چونكە خانەوادەكەم پشتیوانم بوون. هەروەها باوەڕیان بەكارەكەم هەبوو. پێموایە بۆچوونی كۆمەڵگە لەبارەی ئافرەتی هونەرمەند تا رادەیەكی زۆر گۆڕاوە و بایەخ بەهونەر دەدەن. خانەوادەیەكی زۆریش منداڵەكانیان هان دەدەن بۆ ئەوەی بچنە نێو ئەم بوارەوە. ئەمەش لە سایەی شۆڕش بوو، چونكە كرانەوەیەكی هزریی زۆری لێكەوتەوە.
رووداو: لە رۆژئاڤای كوردستان تاچەند پاڵپشتی هونەرمەندان دەكرێت؟
جانا داوود: پاڵپشتییەكە مەعنەوییە و دارایی نییە، هیچ دامەزراوەیەك نییە كەسێكی بەهرەدار لە ئامێز بگرێت بۆ ئەوەی بیكاتە هونەرمەندێكی راستەقینە. هەموو هونەرمەندان خۆیان خۆیان بنیاتنا و لەسەر ئەركی خۆیان بەرهەمەكانیان بڵاوكردەوە.
رووداو: ئەی تۆ چۆن گۆرانییەكانت بەرهەم دەهێنی، كەس هەیە پشتیوانیت بكات؟
جانا داوود: من بەرهەمەكانم بە یەكجار و وەكوو ئەلبووم تۆمار ناكەم، بەڵكو گۆرانی گۆرانی تۆماریان دەكەم، چونكە ئەلبووم تێچووی زۆرە و هیچ لایەنێك پشتیوانیم ناكات. تاكە لایەن پشتیوانم بێت، خانەوادەكەمە بۆ ئەوەی بەرهەمەكانم تۆمار بكەم و كاری زیاتر بكەم.
رووداو: پێتوایە دەبێت هونەر گرێدراوی سیاسەت بێت؟ بەتایبەتی لەو دۆخە هەستیارەی كە رۆژئاڤا پێیدا تێدەپەڕێت؟
جانا داوود: هەستێكی زۆر خۆشە گۆرانی بۆ خاك و قارەمانەكان بچڕیت، بەو مەرجەی لایەنگری بۆ لایەنێكی دیاریكراو نەبێت و گشتگیر بێت و بۆ تەواوی خاك و نیشتمان و گەلەكەت بێ بەبێ جیاوازی.
رووداو: هونەرمەند لەم كۆمەڵگایانەی ئێمەدا دەتوانێت بێلایەن بێت؟
جانا داوود: بەڵێ دەتوانێ، چەندین هونەرمەند لە قامیشلۆ هەن كە تەواو بێلایەنن و منیش یەكێكیانم. ئێمە كێشەمان نییە چونكە لە ناوچەكەمان كەشێكی دیموكراسی هەیە و رێز لە هەموو جۆرە بۆچوونێك دەگیرێت.
رووداو: كاریگەری كام هونەرمەندت لەسەرە؟
جانا داوود: رەوانشاد محەممەد شێخۆ، سەعید یوسف، تەحسین تەها و ئەیاز زاخۆیی كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەرم هەبووە.
رووداو: پڕۆژە هونەرییەكانی داهاتووت چین؟
جانا داوود: سێ گۆرانیم تۆمار كردووە. گۆرانی یەكەم بەناوی "شەهیدێن مە" و دووەم بەناوی "نەورۆز" و بەرهەمی سێیەمیشم لە ئاواز و پەیڤی دەریا غەددار بوو. هەروەها سەرقاڵی تۆماركردنی گۆرانییەكی نوێم بەناوی "دوران" ئاواز و شیعری خۆمە.
رووداو: خەڵكی قامشلۆ وەك پێشتر گوێ لە گۆرانی دەگرن یان سەختی ژیان وای كردووە دووربكەونەوە؟
جانا داوود: بەڵێ گومان لەوەدا نییە كە سەختیی ژیان وای كردووە خەڵك لە هونەر و گوێگرتن و چێژ وەرگرتن لە گۆرانی دووربكەونەوە بەڵام هەستی نیشتمانپەروەری وادەكات خۆشویستنیان بۆ گۆرانی و هونەر بەردەوام بێت.



