رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و گەورە دانوستاندنکاری ئێران رایگەیاندووە کە تاران سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز دەکات. ئەمەش دوای ئەو دانوستاندنانە دێت کە ئامانج لێیان کۆتاییهێنانە بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
دوای یەکەمین خولی گفتوگۆکانیان لە سویسرا بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە، نێوەندگیرەکان رایانگەیاند، رۆژی دووشەممە ئێران و ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی هێڵی پەیوەندی بۆ بە کراوەیی هێشتنەوەی ئەو رێڕۆیە ئاوییە گرنگە و هەروەها کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لوبنان.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆماری ئیسلامی (IRNA)، قالیباف لە کاتی گەڕانەوەیدا لە دانوستاندنەکان گوتی: "تەنگەی هورمز هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش شەڕ و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەبرێت."
لە ڤیدیۆیەکدا کە لە هەژماری تێلێگرامی قالیباف بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت گفتوگۆکانی هاوینەهەواری گرانبەهای بۆرگنشتاک لە سویسرا، "دەستکەوتی باشیان" هەبووە.
قالیباف گوتی: "لە تێڕوانینی منەوە، ئەم گەشتە دەستکەوتی باشی هەبوو، بەتایبەتی سەبارەت بە گفتوگۆکانی تەنگەکە، گفتوگۆکانی لوبنان، پرسی لێخۆشبوون لە هەناردەی نەوت، و بابەتی ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان."
دوای دانوستاندنەکان، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاران رێگە بە پشکنەرە ئەتۆمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات بگەڕێنەوە وڵاتەکە. دوای ئەوەش، رۆژی دووشەممە ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی سزاکانی سەر نەوتی ئێرانی هەڵپەسارد.
وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە، بڕیارە تاران جۆرێک لە سووککردنی سزاکانی لەلایەن واشنتنەوە پێبگات، لەگەڵ ئازادکردنی سامانە بلۆککراوەکانی.
قالیباف گوتی: "بێگومان ئێمە پێمانوایە هێشتا لە سەرەتای ئەم کارەداین و دەبێت بەردەوام بین لە هەوڵەکانمان."
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە قالیباف لە رێگەی گەڕانەوەیدا سەردانی عومانیشی کردووە، کە هاوبەشە لەگەڵ ئێران لە تەنگەی هورمزدا.
ئەو رێڕۆیە ئاوییەی کە ئێران لە سەرەتای شەڕەکەدا دایخستبوو، هەفتەی رابردوو دوای گەیشتنی واشنتن و تاران بە رێککەوتن، کرایەوە. بەڵام رۆژی شەممە، تاران وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، رایگەیاند کە جارێکی دیکە تەنگەکەی داخستووە.
بە گوتەی نێوەندگیرە قەتەری و پاکستانییەکان، لەو کاتەوە تاران و واشنتن رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی هێڵێکی پەیوەندی "بۆ رێگریکردن لە رووداوی نەخوازراو و لێکتێنەگەیشتن، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان" بەنێو ئەو رێڕۆیە ئاوییەدا.
بەپێی زانیاریی کۆمپانیاکانی چاودێریکردن، رۆژی دووشەممە هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەکەدا بەردەوام بووە و بە خێراییەکی زیاتریش بەڕێوەچووە بەراورد بە پێش رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران لەسەر دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ.

.jpg&w=3840&q=75)
