رووداو - هەولێر
لە ماوەیەكی كورتدا بووە ئەكتەرێكی دیاری بواری درامای سووری، تەنیا لەم رەمەزانەدا لە شەش دراما دەردەكەوێ. تەمەنی هونەریی رەشا ئەلحازری 11 ساڵە، سەرەتا بە شانۆ دەستیپێكرد، بەڵام دواتر رووی لە دراما كرد، ئەو زۆر پەسنی درامای سووری دەدات و دەڵێت بناغەی پتەوە و بە رۆیشتی ئەستێرەكانی پەكی ناكەوێ. رەشا حازری لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی كارە هونەرییەكانی دەكات.
رووداو: رەشا ئەلحازری كێیە؟
رەشا: رەشا ئەلحازری سوورییە و لەدایكبووی شاری حەلەبە. ساڵی 2006 چوومە نێو بواری هونەر و سەرەتا بەشانۆگەری و دواتر رووم لە دراما كرد.
رووداو: لەڕووی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی یان كاری هونەری هاوڕێی كوردت هەیە؟

رەشا: بەڵێ هاوڕێی كوردم هەیە و شانازی بەهاوڕێیەتی و كاركردن دەكەم لەگەڵیان. گەلی كورد پێكهاتەیەكی گرنگی گەلی سووریان و ئاساییە رێز و خۆشەویستیمان بۆ یەكدی هەبێت. بەردەوام پشتیوان و هاوكاریان دەبم.
رووداو: سەردانی شارەكانی رۆژئاوای كوردستانت كردووە؟
رەشا: بەڵێ سەردانی عەفرینم كردووە كە نزیكە لە حەلەب و ئشنای خەڵكە زۆر باش و چاكەكەیان بووم. زۆر خۆشحاڵیش بووم كە مامەڵە لەگەڵ خەڵكی عەفرینی شاری زەیتوون بكەم.
رووداو: ئەگەر داوایان لێكردیت بەشداری لە درامایەكی كوردی بكەی، وەڵامت چی دەبێت؟
رەشا: بە سوپاسەوە قبوڵی دەكەم، چونكە كاری رەنگاوڕەنگ زۆر گرنگە لە ژیانی هونەرمەند و زۆر پەرۆشم بۆ ئاراستەكردنی كارەكانم بۆ جەماوەری كوردی كە خاوەن رۆشنبیری و ئاستێكی بەرزن. ئەوە كارێكی نوێ دەبێ بۆ من.
رووداو: توانای گفتوگۆكردنت هەیە بەزمانی كوردی تا بەشداری لە درامایەكی كوردی بكەیت؟
رەشا: ئەگەر رۆڵەكەم بەدڵ بوو، بێگومان هەوڵەكانم چڕ دەكەمەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی گونجاو گفتوگۆ بكەم.
رووداو: دەخوازیت سەردانی هەرێمی كوردستان بكەیت؟
رەشا: بەڵێ زۆر دەخوازم و زۆر شتی جوانم بیستووە لەبارەی كوردستان بەگشتی و هەولێر و سلێمانی بەشێوەیەكی تایبەت.
رووداو: دوایین كاری هونەریت چییە، بەتایبەتی بۆ مانگی رەمەزان؟
رەشا: بەشداریم لە چەند درامایەك كردووە، ئەوانیش: عەتر ئەلشام، حوكم ئەلهەوا، بوقعەت ئەلزەو، شەباب ستار، ئەلغەریب، سەنەت ئولا زەواج و شەبابیك.
رووداو: قەیرانی سووریا كاری نەكردووەتە سەر دراما؟
رەشا: ئێستا دۆخەكە زۆر گونجاوە، حكومەت و كۆمپانیا هونەرییەكان و هونەرمەندانیش بەجۆش و خرۆشەوە هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی هانی زیاتری درامای سووری بدەن زیاتر پێشبكەوێت و بەرهەمی زیاتری هەبێت. بێگومان ئەمەش جۆرە چەكێكە بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە خاك و نیشتیمان.
رووداو: بەشداریكردنی ئەستێرەكانی سووریا لە دراما عەرەبییەكان كاریگەری لەسەر درامای سووری نەبووە؟
رەشا: نەخێر، چونكە بنەماكانی درامای سووری زۆر بەهێز و كۆڵەگەی توندوتۆڵی هەیە و هیچ كاتێك پشتی بەئەستێرەیەكی دیاریكراو نەبەستووە .
رووداو: چەند رۆژێك لەمەوبەر خەڵاتی درامای سووریت پێ بەخشرا، ئەمە چۆن بوو؟

رەشا: لەلایەن وەزارەتی راگەیاندنی سووری و بەڕێوەبەرایەتی دەستەی گشتیی رادیۆ و تەلەڤزیۆن و كەناڵی سووریا دراما خەڵات كرام، ئەمەش خەڵاتێكی خواییە و زۆر پێی دڵخۆشم، دیارە جەماوەر و هەوادارانم دڵخۆش كردووە، بۆیە دەنگیان پێدام و زۆربەی دەنگەكانم هێنا، نەك بە رەزامەندی دەستەی ناوبژیوان.
رووداو: دەگوترێت درامای سووری تەنیا لە چوارچێوەی شام گیری خواردووە، ئەوە تا چەند راستە؟
رەشا: درامای سووری یەكەمی ریزبەندەكانە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی. هەرچۆنێك بێت بەڕای من جوانترین شاكارە و باشترینیانە. لەبارەی ژینگەی شامیش ئەگەر خواست و هەوادار و جەماوەری نەبووایە هەرگیز بەردەوام نەدەبوو. بەپێچەوانەوە خواست و بینەری زۆری هەیە.



