رووداو - هەولێر
لە هەر شوێنێك بووبن، چەكدارانی داعش لە دوای خۆیان وێرانەیەكی بێسنووریان جێهێشتووە. بە هەر شوێنێكدا دەڕۆی، تەماشای هەر گۆشەیەك دەكەی، جگە لە وێرانكاری و ناوچەیەكی خاڵی لە ژیان، هیچی دیكە بەدی ناكەی.
بە رێگاوەیەن بەرەو گوندی بەشیر كە یەكێكە لە ناوچە تازە ئازادكراوەكان، لە بازگەكاندا پێشمەرگە و حەشدی شەعبی پێكەوە چاودێریی هاتوچۆی رێبواران دەكەن.
گوندی بەشیر لە باشووری رۆژئاوای كەركوك لە سەرەتای مانگی ئایاری 2016 لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد كرا، دوای ئەوەی نزیكەی دوو ساڵ لەژێر دەستی چەكدارانی داعشدا مایەوە، ئەو وێرانكاری و كاولكارییەی لەم گوندەدا روویداوە، هەمان ئەو كاولكاری و وێرانەیەمان بەبیر دێنێتەوە كە داعش لە شنگال و كۆبانێ دوای خۆی جێیهێشتوون.
گوندی بەشیر كە تەنیا سێ كیلۆمەتر لە سنووری دەسەڵاتی داعشەوە دوورە، هێشتاش لەژێر هەڕەشەی بۆردوماندایە، هەندێجار گوللە تۆپەكانی داعش گازی كلۆریان لێ دەردەچێ.
جگە لە رێگا سەرەكییەكان، ناتوانین بچینە هیچ شوێنێكی دیكە، چونكە هەتا ئێستا هیچ یەكێك لەو بۆمبانە پووچەڵ نەكراونەتەوە كە داعش لە نێو ماڵ و كوچەو كۆڵانەكانی گوندەكەدا دایناون.
گوندی بەشیر پێش هاتنی داعش لە 17ی حوزەیرانی 2014، زیاتر لە 1200 خێزانی تێدا ژیاوە كە زۆربەیان بە كشتوكاڵەوە سەرقاڵ بوون، بەڵام ئێستا سەرەڕای دەرهێنانیشی لە دەستی داعش، خاڵییە لە ژیان.
داعش هەر شوێنێك داگیر بكات، ئەگەر خوێندنگەكەی نەتەقێنێتەوە ئەوا دەیكاتە بنكەیەكی سەربازی بۆ چەكدارەكانی، لە خوێندنگەی گوندی بەشیریش، وێرانكارییەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە داعش بەوێدا گوزەری كردووە.
ئەگەرچی داعش بە پاڵنەری ئاینی، چەكدارەكانی هاندەدات، بەڵام تەنانەت شوێنە ئاینییە پیرۆزەكانیش لە دەستی داعش پارێزراو نەبوون. حوسێنیەی بەشیر رۆژێ لە رۆژان شوێنی پەرستشی خەڵكی گوندەكە بووە، بەڵام هەر دوای داگیركردنی لەلایەن داعشەوە، لەگەڵ زەوی تەخت كرا.
داعش چۆن بوو بەو هێزە ترسناكە؟
بەهێزبوونی داعش بە پلەی یەكەم لە دوای داگیركردنی مووسڵ لە 10/6/2014 بوو. ئەوان لەو باوەڕەدا نەبوون كە سوپای عێراق وا بەو ساناییە دووەم گەورەترین شاری عێراق چۆڵ بكات. چۆڵكردنێك كە هێز و قەبارەی ئەو رێكخراوە توندڕەوە ئاینییەی بردە قۆناغێكی مەترسیدارەوە.
داعش لە مووسڵ توانی دەستبگرێت بەسەر 450 ملیۆن دۆلار، 250 كیلۆ زێڕ، 250 هامەر و تۆپی دوورهاوێژ و ئۆتۆمۆمبێلی سەربازی و زرێپۆش. 35 تانك لە جۆری T72 و T55 و دوو فڕۆكەی جۆری سیخۆ و 55 هەزار چەكی سووك. هەر بۆیە لە ماوەیەكی كەمدا هەریەكە لە شارەكانی تكریت و بێجی و سامەڕا و حەویجە و ئەنباری داگیركرد.
لە چەندین ناوچەدا سوپای عێراق شوێنەكانی خۆی چۆڵ كرد و پێشمەرگە شوێنی گرتنەوە. پێشمەرگە توانی 30 هەزار كیلۆمەتر دووجا پێشڕەوی بكات، بەڵام داعش بە هێزێكی زۆری سەربازی و دارایی گەورەوە بووە دراوسێی هەرێمی كوردستان.
لە مانگی ئابی 2014دا داعش ستراتیژی خۆی بەرەو هەرێمی كوردستان گۆڕی و سەرەتا چەندین ناوچەی داگیركرد. داعش لەو ناوچانە بووە خاوەنی تۆمارێكی درێژی سەدان چیرۆكی توندوتیژ بە تایبەتی لە ناوچەكانی شنگال.
حەسەن شام لە ناوچەی خازری نزیك مووسڵ گوندێكی دیكەی ژێر دەسەڵاتی داعش بوو، ئەگەرچی ماوەیەكی كەم لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو، بەڵام كاریگەریی دڕندەیی و مەرگدۆستیی داعش لەم گوندەدا بە ئاشكرا دیارە. ئێستاشی لەگەڵدا بێ ناوچەیەكی خاڵییە لە ژیان.
یەكەم شت كە لێرە بەدیی دەكەی، ئاسەواری تەقاندنەوەی پردێكە كە شاری مووسڵ بە هەرێمی كوردستانەوە دەبەستێتەوە. ئەو پردە ستراتیژییە لەسەر رووباری خازر دروستكراوە، بەڵام چەكدارانی داعش لە پێناو ئامانجە سەربازییەكانیاندا سڵیان لە وێرانكردنی هیچ شتێك نەكردووەتەوە.
پێشمەرگە لە میحوەری خازر سەنگەری تۆكمەی لێداوە، ئەگەرچی ئەم میحوەرە بە بەردەوامی لەم ماوەی رابردوودا ئامانجی هێرش و پەلاماری هێزەكانی داعش بووە، بەڵام پێشمەرگە لەم میحوەرە لەگەڵ هێرش و پەلامارەكانی داعش ئەزموونی وەرگرتووە، هەر وەكو فەرماندە سەربازییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن.
لیوا حەمەڕەشید شەمێرانی، فەرماندەیەكی هێزی پیشمەرگە لە میحوەری خازر بە (رووداو)ی گوت "داعش 22 جار هێرشی بۆ ئێرە هێناوە، بەڵام لە سەرجەم هێرشەكانیاندا شكستیان هێناوە".
حەسەن شام نزیكەی 700 ماڵ بووە پێش داگیركاریی داعش، بەڵام ئێستا هیچ شوێنەوارێكی ژیانی تێدا بەدی ناكرێ. چەكدارانی داعش هەر لە سەرەتای هاتنیان بۆ ئەم ناوچەیە زۆربەی ماڵ و باڵەخانەكانیان بۆمبڕێژ كرد وەكو تەكنیكێكی باو و بەردەوامیان بۆ خستنەوەی زۆرترین قوربانی. تەنانەت گەورەترین خوێندنگەی گوندەكەش دەتەقێننەوە.
قوتابخانەی گوندی حەسەن شام پێش هاتنی داعش شوێنی خوێندنی سەدان قوتابی بووە، بەڵام قەدەرێكی سەیرە داعش لە هەر كوێ بێت، پێش هەموو شتێك ئەو شوێنانەی كە ئاماژەن بۆ ژیان، وێران و خاپوور دەكات.
لە دواهەمین سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەش، هەمووان چاوكراوە و ئامادەباشن بەرامبەر هەر جموجوڵێكی داعش، پێشمەرگە بە درێژایی 1100 كیلۆمەتر سەنگەری لە داعش گرتووە و لە هەموو لایەك گورزی كوشندەی لە داعش داوە، بەڵام شوێنەواری وێرانكارییەكانی داعش لەو ناوچانەی دەستی بەسەردا گرتوون، پێدەچێ بۆ ماوەیەكی درێژ بمێنێتەوە.


