رووداو- هەولێر
رێگای سەرەكیی گەیارە لەمێژە هامشۆی پێدا نەكراوە، داعش پردی سەرەكیی گەیارەی تەقاندبووەوە، بەو ئومێدەی رێ لە هێرش بگرێ، بەڵام ئەم هەوڵە نەیتوانی كۆمەكی بكات و رۆژی 27ی ئابی 2016 سوپای عێراق، شارۆچكەكەی كۆنترۆڵ كردەوە.
پێش ئەوەی بگەینە ناو گەیارە، خێرا خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری شارۆچكەكە بەرەو روومان دێن و باسی ستەم و رۆژە رەشەكانی ژێر دەستی داعش دەكەن و چیرۆكەكانیان دەگێڕنەوە.
سەرحان مەحموود، گەنجێكی دانیشتووی گەیارە، هێشتا ترس و خەمی سەردەمی داعش بە سیمایەوە دەبینرا، گوتی "گرنگترین شت ئەوەیە رزگارمان بوو لە ستەمی داعش. 10 رۆژ دەستگیریان كردم بە تۆمەتی ئەوەی جگەرەم فرۆشتووە". رەنگە سزاكەی سەرحان سووكترین سزا بووبێ لەلای داعش.
كاتێك دەچیتە دەروازەی شارۆچكەكە، وێرانكارییەكی گەورە دەبینیت. وێرانكارییەك كە گومان دەكەیت بومەلەرزەیەكی بەهێز لە شارۆچكەكەی دابێ. بەڵام لە راستیدا ئەم وێرانكارییە شوێنەواری بۆرودمانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانانە. بەپێی ئەو لاشانەی چەكدارانی داعشیش بێت كە لەو ناوەدا كەوتبوون، پێدەچێ داعش لەوێ بەرگرییەكی سەختی كردبێ.
گەیارە لەڕووی ئەو دابەشبوونە ئیداریەی داعش بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی خۆی كردبوو، ناوەندی ویلایەتی دیجلە بووە كە لە هەرسێ ناحیەی گەیارە و شەرگات و زاب پێكهاتبوو، بەڵام ئەوەی گەیارە لە شوێنەكانی دیكەی ژێر دەسەڵاتی داعش جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە بە درێژایی دوو ساڵی فەرمانڕەوایی داعش لە شارۆچكەكەدا، زۆرینەی دانیشتووانی ئەم شارۆچكەیە كە ژمارەیان نزیكەی 89 هەزار كەسە و هەموویان سوننەن، شایەتحاڵی هەموو ئەو تاوان و رەفتارە توندئاژۆیانەن كە داعش بەرامبەر خەڵكی كردبووی.
ئەبو حەنان، دانیشتوویەكی شارۆچكەی گەیارە، لەبارەی سەختیی رۆژگارەكانی حوكمی داعش گوتی "ئاوارەیان كردین. برسییان كردین. ستەمیان لێكردین. هیچیان بۆ ئیسلام نەهێشتەوە، ئەوان بانگەشەی ئیسلامیان دەكرد، بەڵام موسوڵمان نەبوون. بەناوی ئیسلامەوە ستەمیان لە خەڵك دەكرد. تەنیا لە شارۆچكەی گەیارە نزیكەی 500 كەسی بێتاوانیان كوشت".
یەكێك لە دامەزراوەكانی داعش بریتییە لە حوسبە كە رۆڵی پۆلیس دەبینێ بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكانی داعش و هەر كەسێ سەرپێچی بكات لەلایەن ئەو دامەزراوەیەوە سزای جەستەیی و دارایی دراوە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (رووداو) زۆرینەی دانیشتووانی گەیارە لەلایەن حوسبەی داعشەوە سزادراون. هەر بۆیە زۆرترین بنكەكانی داعش لە نێو شارۆچكەی گەیارەدا، بنكەو زیندانی حوسبە بوون.
شارۆچكەی گەیارە تەنیا 22 كیلۆمەتر لە شارۆچكەی مەخموورەوە دوورە. داعش توندئاژۆترین و سەرسەختترین چەكدارەكانی خۆی لەو شارۆچكەیە دانابوو كە سوپایەك بوو بەناوی دابق و زۆرینەی چەكدارەكانی بیانی بوون، بۆیە چیرۆكە كارەساتئامێزەكان لێرە زۆر لەوە زیاتر بوون كە پێشبینی دەكرا.
لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا داعش ژمارەیەك خەڵكی گەیارەی كۆكردووەتەوە بۆ پەڕاندنی دەستی گەنجێك كە بە دزیكردن تۆمەتباركراوە، ئەو گەنجە ناوی عەباس عەلیە. دوای ئازادكردنی گەیارە بەدیار شاشەی كۆمپیوتەرێكەوە دانیشتووە و تەماشای دیمەنی دەستپەڕاندنەكەی خۆی دەكاتەوە كە لەلایەن داعشەوە وێنەی گیراوە. عەباس لەنێو گرتە ڤیدیۆكەدا یەكێك لە داعشەكان دەناسێتەوە كە ناوی ئەبو ماجیدە، بەڵام نازانێ ئێستا چی لێ بەسەرهاتووە.
ئێستا عەباس دەستی راستی نەماوەو كەمئەندام بووە. ئازاری ئەو رۆژانەی هەرگیز بیر ناچێتەوە. ئەو گوتی "شەوانە كەلوپەلم لە شوێنی حەوانەوەی داعشەكان دەبرد، چی بكەم دۆخی ئابووریمان زۆر خراپ بوو ناچار بووم. هەتا شەوێك دەستگیركرام. سەرەتا تۆمەتی سیخوڕیكردنیان دایە پاڵم، بەڵام پێمگوتن هاتووم كەلوپەلتان لێ بەرم، دواتر درامە دادگای شەرعی، قازی شەرعی بڕیاری دا دەستم بپەڕێنن، كە دەستیان بڕیمەوە هەستم بە هیچ نەكرد، چونكە بێهۆش كرابووم، بەڵام دواتر ئازارێكی زۆرم هەبوو".
لە ماوەی دوو ساڵی فەرمانڕەوایی داعشدا پرۆسەی خوێندن لە گەیارە زیانی زۆری بەركەوت، چونكە خوێندنی پرۆگرامەكانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق وەستێنرابوو، تەنیا یەك خوێندن هەبووە ئەویش خوێندنی داعشی بوو كە منداڵان فێری بیروباوەڕی توندئاژۆیی دەكران. بۆیە زۆر كەس لە گەیارە بایكۆتی خوێندنیان كرد.
سەلمان ئەلشممەری دانیشتوویەكی گەیارەیە گوتی "20 ساڵ ئێمەیان گەڕاندەوە دواوە. قوتابخانەیان نەهێشت، زانستیان نەهێشت، تێگەیشتنیان نەهێشت، بەهۆی داعشەوە منداڵەكانمان نەخوێندەوار بوون. دەبوو كوڕەكەم لە پۆلی سێی سەرەتایی بێت، بەڵام ئێستا نەخوێندەوارە".
لە كاتێكدا داعش بۆ ماوەی دوو ساڵ دووكەڵی جگەرەی قەدەغە كردبوو گوایە زیانی بۆ مرۆڤ هەیە و حەرامە، كەچی لە 17ی ئابی 2016دا ژمارەیەك بیری نەوتی لە گەیارە تەقاندەوە و دووكەڵی رەش و زیانبەخشی كردە هەوا و ئاسمانی شارۆچكەكەی رەش داگەڕاند.
ئەبو عومەر، دانیشتووی گەیارە، شایەتحاڵی تەقاندنەوەی بیرە نەوتەكانی نێو گەیارەیە لەلایەن داعشەوە، ئەبو عومەر گوتی "داعش بە رۆژێك پێش ئازادكردنی گەیارە بیرە نەوتەكانی تەقاندەوە. سەرەتا بە فیشەك بۆریەكانیان كون كرد بۆ ئەوەی نەوتەكەی لەبەر بڕوات، دواتر نەوتەكە بە گەڕەك و ماڵەكاندا بڵاوبووەوە. پاشان بۆمبێكیان هێنا و كردیانە نێو بیرە سەرەكییەكە و تەقاندیانەوە".
ئەگەرچی لە دوو ساڵی دەسەڵاتی داعشدا لە گەیارە بەكارهێنانی مۆبایل قەدەغە نەبوو، بەڵام ئەوانەی لەسەر بەكارهێنانی مۆبایل تۆمەتی سیخوڕییان دراوەتە پاڵ و سزای كوشتنیان بەسەردا سەپێنراوە، كەم نین. لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا داعش بە بەرچاوی خەڵكی گەیارەوە، بە تۆمەتی سیخوڕی لەڕێی مۆبایلەوە، ژمارەیەك كەس گوللەباران دەكات و ژمارەیەكیش سەردەبڕێ.
یەكێك لە چیرۆكە كارەساتئامێزەكان لەو گرتە ڤیدیۆییەی داعشدا ئەوە بوو كە دوو كەس لەوانەی گوللەباران دەكرێن ئەندامی یەك خێزان بوون. داعش پێشتر كوڕێكی دیكەی هەمان خێزانی بێ سەروشوێن كردبوو. ئەو خێزانە، خێزانی عەبدوڵڵا حەموود بوون لە گەیارە. حەموود بە (رووداو)ی گوت "هیچ شتێك قەرەبووی ئێمە ناكاتەوە، سێ شەهید كەم نییە. وایان لێكردم ئەم شارۆچكەیەم لە بەرچاو بكەوێ، ئەگەرچی باب و باپیرانم لێرە لەدایك بوون".
داعش لە گەیارە ژمارەیەكی زۆر زیندانی دروستكردبوو بۆ سزادانی ئەوانەی رێنماییەكانی ئەوانیان جێبەجێ نەدەكرد. لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا، داعش زیندانەكانی خۆی وەك شوێنێكی سەردەمیانە پێشان دەدات، بەڵام لە راستیدا زیندانەكانی داعش زۆر لەوە سامناكتر و ترسناكتر بوون كە پێشبینی دەكرا.
حامید ئەلحودی كە هەفتەیەك لە زیندانەكانی داعشدا بووە، گوتی "25 كەس لە ژوورێكی دوو مەتر بە سێ مەتریدا زیندانی بووین. لە گەرمای هاویندا تەنیا یەك ساردكەرەوە هەبوو كە بەبێ ئاو كاری دەكرد".
داعش لە شارۆچكەی گەیارە شكستی هێنا، بەڵام پێدەچێت یادەوەرییە سەختەكانی دەسەڵاتی داعش، تاماوەیەكی درێژ لە خەیاڵی دانیشتووانی شارۆچكەكەدا بمێننەوە.


