رووداو - سلێمانى
زۆرترینی ئەو ژنانەى بۆ منداڵبوون روویان لە نەخۆشخانەى منداڵبوونى سلێمانى کردووە، لە دەرەوەى شارى سلێمانییەوە هاتوون و بەشێکیشیان ئاوارەن. زۆربەیان بەوە دڵخۆشن کە لە نەخۆشخانەیەکى پڕ لەخزمەتگوزاری منداڵیان دەبێت. بەڵام دیمەنە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە، زۆر لە ژنە سکپڕەکان بە عەرەبى قسە دەکەن.
رانیا فازل، 30 ساڵ، ماوەى 4 مانگە لەگەڵ خێزانەکەى بەغدایان جێهێشتووە و لە سلێمانى نیشتەجێبوون. رەوشى سیاسى و ئەمنى عێراق وایکردووە منداڵەکەى رانیا لە سلێمانى و لە ئاوارەییدا لەدایک ببێت "لە بەغدا لە نەخۆشخانەکاندا هیچ رێزێک لە نەخۆش ناگیرێت و خزمەتگوزاری وەک ئێرە نییە، کارمەند و پزیشکانى ئەم نەخۆشخانەیە خەڵکانى زۆرباشن".
ئەو ژنە عەرەبە ئاوارەیە، ئاوا پێناسەى پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەى لەدایکبوون لە بەغدا دەکات "تووڕە و بێئارامن"، بەڵام دیمەنێکی جیاواز لە سلێمانى دەبینێ.
ماوەى 25 ساڵە نەخۆشخانەى لەدایکبوونى سلێمانى بونیادنراوە، ئەوکاتەى سلێمانى شارێک بوو لە رووى پێکهاتەى جوگرافى و ژمارەى دانیشتووانیشەوە زۆر بچووکتر بوو لەئێستا. ئەو نەخۆشخانەیەى کە رانیا و زۆربەى ژنەکانى دیکە لێى رازین، توانای ئەوەی نەماوە پێشوازی لەو هەموو خەڵکە بکات. چونکە جگە لە فراوانبوونى شارەکە، جەنگیش هەزاران خێزانى ئاوارەى کردووەتە بارێکی قورس بەسەرشانى نەخۆشخانەکەوە.
د.شلێر فایەق، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵبوون لە سلێمانى، دەڵێت ئەو ئامێرانەى نەشتەرگەرییان پێدەکرێت کەمن و باسى کەمبوونەوەى دەرمانیش دەکات. خزمەتگوزاری بەگشتی کەمبووەتەوە و بەشى ئەو ژمارە زۆرەى نەخۆش ناکات".
بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵبوون لە سلێمانى، باسى زۆربوونى رێژەى منداڵبوون دەکات بەهۆی هاتنى ئاوارەکان و بەتایبەت لەنێو عەرەبەکاندا.
بەپێى ئامارى بەڕێوەبەرایەتى نەخۆشخانەى منداڵبوون لە سلێمانى، لە ماوەى 10 مانگى رابردووى ئەمساڵدا 8 هەزار نەخۆش چوونەتە نەخۆشخانەى منداڵبوون و لەو ژمارەیە 2 هەزار نەخۆشیان ئاوارەى عەرەب و کوردی ئێزدین. بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەکە دەڵێ "هەندێک رۆژ ئەگەر 100 حاڵەتى منداڵبوون هەبێت، 50 منداڵیان هی ئاوارەن".
د. شلێر فایەق، دەڵێت بەهۆى درەنگ گەیشتن بە نەخۆشخانە هەندێ لە دایکەکان کۆرپەلەکانیان لەدەستداوە، چونکە شوێنى نیشتەجێبوونیان دوورە لە نەخۆشخانەوە.
بڕیاربوو نەخۆشخانەیەکى دیکەى لەدایکبوون بۆ سلێمانى دروستبکرێت، بەڵام قەیرانی دارایی و نەمانی بودجە پرۆژەکەی دواخست.
سەوسەن ئەحمەد، بەڕێوەبەرى کارگێڕیى لە نەخۆشخانەى لەدایکبوون دەڵێت، تەنانەت ئێستا هەندێک لەو نەشتەرگەریانەش دوادەخرێن کە زۆر پێویست نین و ئەگەر دوابخرێن کاریگەرى خراپیان لەسەر نەخۆش نابێت.
بەڕێوەبەرى کارگێڕى ئەو نەخۆشخانەیە گوتیشى ئەو دەرمانانەى کە دانراون لەلایەن وەزارەتى تەندروستى عێراقەوە، تەنیا بۆ پارێزگاى سلێمانى دانراوە، بەڵام بەهۆى ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارەکان کە هاتوونەتە سلێمانى، ژمارەی نەخۆشەکانمان زۆر زیادى کردووە.
هەر منداڵبوونێک لە نەخۆشخانەى منداڵبوون لە سلێمانى بڕى 150 هەزار دینارى بۆ دابین دەکرێت ئەگەر دۆخى تەندروستى نەخۆشەکە ئاسایى بێت، بەڵام ئەگەر ئەو منداڵبوونە پێویستى بە نەشتەرگەری هەبێت بڕى 500 هەزار دینارى بۆ خەرجدەکرێت. واتە ملیارێک و 200 ملیۆن دینار تێچووى منداڵبوونە لە نەخۆشخانەى منداڵ بوون لە ماوەى 10 مانگى رابردوودا.
بەڵام کێشەیەکى دیکە ئەوەیە، ئاوارەکان لە باشوورى کوردستان لە بەشەدەرمان و پارەى خەڵکى کوردستانیان بۆ دابین دەکرێت و بەغدا ئەوەى لەبەرچاو نەگرتووە کە هەزاران خێزانى ئاوارەى عەرەب لە پارێزگاکانى باشوورى کوردستان دەرمان و خواردن و کەرەستە و پێداویستى ژیانیان دەوێ.
بەڕێوەبەرى کارگێڕى نەخۆشخانەى لەدایکبوون دەڵێ "ئەو 2 هەزار منداڵە ئاوارەیەى لە 10 مانگى رابردوودا لە سلێمانى لەدایکبوون، 300 ملیۆن دینار لە نەشتەرگەرى لەدایکبوونیاندا خەرجکراوە".


