رووداو - سلێمانی
چەند خولەكێك پێش ئەوەی تەقینەوەیەك كۆتایی بەژیانی بێنێت، برایەكەی لە نێو تەقوتۆقی شەڕ و هاتوهاوارەوە پێیدەڵێت بە باشی گوێی لێبگرێت و وەسیەتەكەی لەبیرنەكات. بەڵام هەموو شتەكان پێچەوانە بوونەوە. براكەی یەكێكبوو لەوانەی بە ریز وەستابوون پێشوازی لە میوانانی پرسەكە دەكرد.
فەرهاد خالید، یەكێك لەو پێشمەرگانەی لە شەڕی ئازادكردنی جەلەولادا بووە قوربانی، لەو رۆژانەی چووبووەوە بۆ بەرەكانی شەڕ، زوو زوو تەلەفۆنی بۆ ماڵەوە كردووە و هەواڵی پرسیون "هیچ كاتێك ئاوا بەتەنگ هەواڵپرسینی ماڵەوە نەبووە، وەك ئەوەی زانیبێتی ئیدی خێزان و منداڵەكانی نابینێتەوە پەیوەندی زۆر بۆ ماڵەوە دەكرد بەڵام ئەوەی هەستی پێكردبوو راست بوو".
شوان خالد، برای فەرهاد كە پێكەوە پێشمەرگەن و هەردووكیان بەیەكەوە لە میحوەری گەرمەسێر رووبەرووی چەكدارانی داعش بوونەتەوە زیاتر لەبارەی براكەیەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ ئەوكاتەی چوونەتە نێو جەلەولا و دەنگی تەقە بە تەواوی كەمبووەتەوە، فەرهادی برای تەلەفۆنێكی دیكەی بۆ ماڵی خۆیان كردووە و لەگەڵ باوكی قسەی كردووە "گوتی باوكە ئیدی لە خەمی ئێمەدا مەبن، چونكە ئێمە جەلەولامان رزگار كرد ئێستا ئاسوودەم". بەڵام ئەوە دوا پەیوەندی فەرهاد بوو لەگەڵ كەسوكاری.
شوان دەڵێت ئەگەر بەپێی شوێنی شەڕ و حەزی چوونە پێشەوە بووایە، دەبووایە ئەو شەهید ببێت نەك فەرهاد "چونكە هەمیشە من لە بەرەكانی پێشەوە بووم، بیرمدێ زۆر جاریش پێمدەگوت، فەرهاد من پێش تۆ شەهید دەبم".
وەك ئەو باسیدەكات، چەند خوولەكێك بەر لەوەی شەهید ببێت، لە نێو دەنگی تەقە و تەقینەوەی هاوەن و گوللەكاندا، فەرهادی بردووەتە كەنارێكەوە و وەسیەتی بۆ كردووە "گوتم چەند شتێكی تایبەتیم هەیە لە ناو سەیارەكەم دایە ئەگەر شەهید بووم ئاگاداری بە با لات بمێنێتەوە، تەنیا 5 خولەك بەسەر قسەكانمدا تێپەڕین، فەرهاد شەهید بوو".
لەشەڕی ئازادكردنی جەلەولادا، 9 پێشمەرگە لەوانەی گیانیان لەدەستدا، لەنێوبینایەكدا بوون كە بیناكە بەهۆی تەقینەوەوە رووخا بەسەریاندا و هەموویان بوونە قوربانی. فەرهاد یەكێك بووە لەوانە. بەڵام پێشتر پێشیانگوتراوە كە دووربكەونەوە لەوەی بچنە نێو ماڵ و بیناكانەوە بەو هۆیەی كە بۆمبڕێژ كراون.
شوان خالدی برای فەرهاد دەڵێت دیمەنی رووخانی بیناكەی بەچاوی خۆی بینیووە كاتێك براكەی و 8 پێشمەرگەی دیكە لە نێویدا بوون "هەموو شەڕی داعش بەقەدەر ئەو چەند خوولەكە ماندووی نەكردم".
فەرهاد خالد، 36ساڵ، خاوەنی 5 منداڵە و ماوەی 9 ساڵە پێشمەرگەیە. هاوسەرەكەی سەرباری ئەوەی نازانێ چۆن مەینەتی لەدەستدانی ئەو دەرببڕێ، دەڵێ "سەربەرزم بەناوی شەهیدی مێردەكەم، هەرچەندە رۆیشتنی ئەو باری ژیانی بە تەواوی قورس كردم".
شارا لەتیف، 32 ساڵ، هاوسەری فەرهاد دەڵێ پێشتر خەونی بینیوە و لەخەونیدا پێیگوتووە "ئەمانەتی تۆ و رەیانی تازە لەدیكبوو". شارا دەڵێت ئەو خەونە زۆری ترساندووە و بەردەوام هەستی كردووە شتێك روو دەدات "بۆ دواجار كە چووەوە بۆ دەوام، پێمگوت بۆ وا بەپەلە خۆت كۆدەكەیتەوە، كەچی ئەو گوتی دەبێ بچینەوە بۆ واجب و جەلەولا بگرینەوە".
3 رۆژ بەرلەوەی بڕواتەوە بۆ بەرەكانی شەڕ لە گەرمەسێر، هاوسەری فەرهاد كچێكی بووە و ناویان ناوە (رەیان). ئێستا رەیان بێئاگایە لەوەی چی روودەدات و ئەو قەرەباڵخییە زۆرە هۆی چییە. بەڵام رێبەری تەمەن 14 ساڵی كوڕی دەڵێ كاتێك گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە و قەرەباڵخییەكە ترساندوویەتی "گوتم چی بووە، گوتیان باوكت بریندارە، بەڵام كە ویستم تەلەفۆنم بۆ خاڵم بكەم، لاشەی باوكمم بینی".


