رووداو- سلێمانی
لە گرتووخانەی چاكسازیی ژنان لە سلێمانی، ژنێكی تەمەن 33 ساڵ، دەبێت 18 ساڵی دیكە بژمێرێت بۆ ئەوەی ماوەی یاسایی سزاكەی كۆتایی بێت و بگەڕێتەوە نێو كەسوكارەكەی.بەدرێژایی گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی، پەشیمان نییە لەوەی بەوێ گەیشتووە، بەڵام رەتیدەكاتەوە كە ئەو بكوژی هاوسەرەكەی بووبێت.
"خۆزگە نەمردایەو بیزانیایە چەندخۆشحاڵم بەبێ ئەو، هەرچەندە لە زیندانیشم".
(كوێستان.م) خەڵكی قادر كەرەمە و لە كەركووك دانیشتووە. ئەو دەڵێ هەر لەسەرەتاوە حەزی لەوە بووە خوێندن تەواو بكات، بەڵام بەهۆی هەژارییەوە نەیتوانیوە. بەقسەی خۆی لە تەمەنی 15 ساڵی بە خواستی خێزانەكەی بەشوودراوە.
باوكم خۆی بە تاوانبار دەزانێت
كوێستان قسەی باوكی رەتناكاتەوە، دوور لە خواستی خۆی شوو دەكات، بەڵام خۆی بە بەختەوەر زانیوە "بەو هیوایە بووم كەمێك خۆشبەختی ببینم و لە هەژاری رزگارم ببێت".
بەڵام لە یەكەم شەوی بووكێنیدا نەهامەتیەكانی دەستیپێكرد"هاوسەرەكەمزۆری لێدام، پێیوابوودەبێت یەكەم شەو ژن لێی بدرێت بۆئەوەی لە مێردەكەی بترسێت".
كوێستان دەڵێهەر دوای ئەو شەوە داوای جیابوونەوەی كردووە، بەڵام خێزانەكەی قبوڵیان نەكردووە جیاببێتەوە و هەڕەشەیان لێكردووە. كێشەكان بەردەوامبوون، كوێستان دەڵێت"تەنانەت نەیدەهێشت بچمە دەرەوە. سەرەڕای ئەو هەموو ئازاردانە لە ماڵی خۆمان و بەبەرچاوی خۆمەوە خیانەتی لێدەكردم".
(كوێستان.م)ئێستا خاوەنی 4 منداڵە، دواجار بڕیار دەدات لە چوارچێوەی دیوارەكانی ماڵەوە بێتە دەرەوە، دەچێتە پەناگەیەكی ژنان تاوەكو رزگاری بێت لەو ژیانە. بەڵام هاوسەرەكەی لە پەناگەكە دەیهێنێتە دەرەوە و بەڵێنی پێدەدات كە جارێكی دیكە توند نەبێت لەگەڵی"بەڵام دیسان فریوی دام".
كوێستان دەڵێت "هەموو ئەو شتانەی بەسەرم هاتوون باوكم لێیان بەرپرسیارە، چونكە دوور لە خواستی خۆم بەشووی دام".
7 جار هەوڵی خۆكوشتنی داوە
كوێستان، خۆی بە "ستەملێكراو" دەزانێ و دەڵێهەشت جار بە جەستەی خوێناوییەوە چووەتە بنكەكانی پۆلیس"هەموو جارێك هاوسەرەكەم دەگیرا و پاش ماوەیەكی كەم بە كەفالەت ئازاد دەكرا".
كوێستان دەڵێت شەڕی هاوسەرەكەی بە تەنیا لەگەڵ ئەو نەبوو، بەڵكو لەگەڵ تەواوی خێزانەكەی بوو "نەیدەهێشت سەردانم بكەن".
كێشەی نێوان ئەو ژن و مێردە رۆژ بەرۆژ گەورەتر دەبوو، بۆیە دەڵێت "باری دەروونیم زۆر خراپ بوو، نەیدەهێشت سەردانی پزیشكی دەروونیش بكەم و گوتی چارەسەری تۆ لای مەلا عەلی كەڵەكە، بۆ چارەسەر بردمی بۆ لای ئەو، ئەویش لە كارەبای دەدام وهەفتەی دووجار 80 داری لە بنی پێمدا وگوتی تۆ جنۆكە لە گیانتدا هەیە".
كوێستان ئەوەندە لە خۆی بێزار دەبێت، ناچار بیر لە رێگەچارەی زۆر هەڵە دەكاتەوە و دەڵێت "7 جار هەوڵی خۆكوشتنمداوە".
لە زیندان شوو دەكاتەوە
هەرچەندە لە دۆسیەی كوێستاندا واهاتووە كە ئەو لەگەڵ كەسێكی دیكە بەناوی بەهمەن بكوژی هاوسەری كوێستانن، بەڵام كوێستان دەڵێ"شەوی 18/2/2012 لەماڵەوە بووین لەگەڵ هاوسەرەكەم و خێزانەكەم، هاوسەرەكەم پەیوەندییەكی پێوەكرا و چووە دەرەوە، زۆری پێچوو نەگەڕایەوە و ئێمە خەوتین. دواتر لەدەنگی هاوسەرەكەم بە ئاگا هاتم كە زۆری خواردبووەوە، حاڵی زۆر خراپبوو".
ئەو دەڵێ كاژێر 1ی شەو بینیویەتی هاوسەرەكەی حاڵی باش نییە، پەیوەندی بە پۆلیسی فریاكەوتن و ئاسایشی چەمچەماڵەوە كردووە و ئەوان چوونەتە ماڵیان "مردنی هاوسەرەكەم پەیوەندی بەو تەلەفۆنەوە هەیە كەبۆ هاوسەرەكەم كرا و چووە دەرەوە،كەچی من و بەهمەن دەستگیركراین لەسەر كوشتنی".
كوێستان رۆژی 16/7/2012 سزای 20 ساڵ بەندكردنی بەسەردا سەپێنرا.
3 كوڕ و كچێك لەو خێزانە تێكچووە جێماون، 3 منداڵی لەلایەن ماڵی باوكی هاوسەرەكەی بەخێودەكرێن و لە خوێندن دابڕاون و كوڕێكیشی چووەتە خانەی نەوجەوانان. بەڵام كوێستان دوای 6 رۆژ لە حوكمدانی، هەرلەنێو زیندانرۆژی 22/7/2012 بەشێوەیەكیفەرمی هاوسەرگیریلەگەڵ بەهمەن كردووە كە ئێستا لە بەشی پیاوانە لە زیندان.
هوشیار رەمەزان، سەرۆكی رێكخراوی دڵی هەژاران لە كەركووك دەڵێ كاتێك باوكی بەشارەت حەمید سەردانی ئەوانیكردووە، لەبارەی چیرۆكی كوشتنی كوڕەكەی قسەی بۆ كردوون و گوتوویەتی "سەرەتا بەشارەتی كوڕم پەیوەندی لەگەڵ كوێستان هەبوو، بەڵام ئێمە ناڕازی بووین، كەچی پشتی كردە ئێمە و كوێستانی خوازبێنی كرد".
خەزووری كوێستان قسەكانی بووكەكەی رەتكردەوە و گوتی "بەڵگەمان لایە كوێستان پەیوەندی لەگەڵ كوڕی دیكە هەبووە، راستە كوڕەكەی ئێمەش كاری نەشیاوی هەبووە و خەریكی خواردنەوە و قوماركردن بووە، بەڵام دوای هاوسەرگیری لەگەڵ كوێستان فێری ئەو كارانە بوو".
كوردۆ عەباس، پارێزەر لە دادگای سلێمانی، دەڵێت لە یاسای ژمارە 405_406ی یاسای عێراقی باس لە چەند جۆرێك تاوانی كوشتن دەكرێت "راستە هیچ دادگایەك بەدەر نییە لە هەڵە، بەڵام كەسێكیش بەبێ بەڵگە دەستگیرناكرێت و كارێكی هەروا ئاسان نییە".
کوردۆ گوتیشی "كەیسی وا هەیە دوو ساڵ لە لێكۆڵینەوە بووە، بەدواداچوونی زۆر وردی دەوێت تاوەكو كەیسێكی كوشتن یەكلایی دەكرێتەوە".
بەپێی وتەكانی ئەو پارێزەرەی دادگای سلێمانی،بارودۆخی سیاسی باشووری كوردستان و بوونی چەكێكی زۆر لە ماڵەكاندا، رێژەی تاوانی كوشتنی بەڕێژەی 10% لەچاو ساڵی رابردوو بەرزكردووەتەوە "ئەگەر پارێزەرێك ساڵی رابردوو دوو كەیسی كوشتنی هەبووبێت،ئەمساڵ چوار كەیسی كوشتنی لەلایە".


