رووداو- سلێمانی
چیرۆكی سارا دوای جیابوونەوەی دایك و باوكی لە یەكدی دەستپێدەكات. ئەو لە یەككاتدا ئاڵوودەی دوو شت دەبێت: ماددەی هۆشبەر و خۆشەویستی بۆ مێردەكەی. بەڵام ئەوەی دووەمیان ئەوی گەیاندە زیندان.
سەرەتای كێشەكان
سارا، ناوی خوازراوی كچێكی دانیشتووی سلێمانییە. ئەو ئێستا لە زیندانەوە شەو و رۆژ لە یەكدی گرێدەدات تاوەكو رۆژی ئازادبوونی دێت.
ئەو كاتەی دایك و باوكی جیادەبنەوە، سارا تەمەنی تەنیا 13 ساڵ دەبێت، جیاواز لە خوشكەكەی و دوو براكەی، بڕیار دەدات لەگەڵ دایكی ژیان بگوزەرێنێت، ئەو چیرۆكی سەرەتای ژیانی بەتەنیا لەگەڵ دایكی دەگێڕێتەوە "دایكمم زۆر خۆشدەوێت، ئەوكاتەی دایكم و باوكم جیابوونەوە نەمتوانی بەبێ دایكم بژیم، هەر بۆیە جیاواز لە خوشك دوو براكەم بڕیارمدا لەگەڵ دایكم بژیم، دایكم زۆربەی كات لەماڵەوە نەبوو، سەرقاڵی بژێویی ژیان و كاركردن بوو لە كارگەیەكی دروستكردنی شیرینی".
كاتێك سارا تەمەنی (13) ساڵ دەبێت، دەكەوێتە داوی خۆشەویستی كوڕێكەوە. ئەو دەڵێت، ئەو كاتەی (م)م خۆشدەویست هێشتا دایك و باوكم لەیەكدی جیانەببوونەوە "دوای جیابوونەوەیان و دەستپێكردنی ژیانم بەتەنیا لەگەڵ دایكم، ئیتر بڕیاری هاوسەرگیریمان دا، پێشتر باوكم رازی نەدەبوو مێرد بەو كوڕە بكەم، بەڵام دایكم زۆر باش بوو بۆم، هەر بۆیە رازی بوو بەوەی شوو بە (م) بكەم، كاتێكیش شووم كرد تەمەنم تەنیا 14 ساڵ بوو".
خزمێكم فێری كردم
هەرچەندە وەك خۆی دەڵێت لە سەرەتای ژیانی خێزانییاندا لەڕووی ئابوورییەوە رووبەرووی گرفت بوونەتەوە، بەڵام خۆشبەخت بوون و خراپیی باری دارایی نابووەتە هۆی كێشە لەنێوانیان "هاوسەرەكەمم زۆر خۆشدەوێت، ئەویش بە هەمانشێوە، هەر بۆیە هیچ كێشەیەكمان نەبوو، هاوسەرەكەم رۆژانە بۆ بژێوی ژیان دەچوو كاری دەكرد، پیاوێكی خزمیشمان زۆربەی كات سەردانی دەكردین و هەواڵی دەپرسین، رۆژێك كە بەتەنیا بووم باسی چێژی ماددەی هۆشبەری بۆ كردم، دوایی دەنكێك حەبی پێدام و خواردم، ئیتر بەردەوام بووم لەسەر حەب خواردن تاوەكو ئاڵوودە بووم".
سارا دوای ئەو رۆژە، هەموو رۆژەكانی دیكەی ژیانی دەبێتە رۆژێكی دووبارە و سەد بارە، چونكە بە وتەی خۆی ئاڵوودە بووەو رۆژانە پێویستی بەوە بووە حەب و دەرمانی سڕكەر بخوات "ئەو خزمەمان رۆژانە سەردانی دەكردم، حەبی بۆ دەهێنام و فێری كێشانی جگەرە و خواردنەوەی كحولیشی كردم".
بەردەوام ماددەی هۆشبەری پێبووە
بەپێی گێڕانەوەی خۆی، سارا وای لێدێت دوای بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، ئیدی بە ئازادانە و بەبێ ترس بەردەوام ماددەی هۆشبەری پێبووە "زۆر جار لەدەرەوەی ماڵ دەمخوارد وەك ئەوەی چوار دەورم چۆڵ بێت و تەنیا بم، بۆ رۆژێكیش بیرم لەوە نەكردەوە ئەگەر دەستگیر بكرێم سزا دەدرێم، خزمەكەشمان بەردەوام ئاگاداری دەكردمەوە كە دەبێت وریای خۆم بم". سارا دەڵێت كە هەر ئەو، هاوسەرەكەشی هانداوەو فێری كردووە ماددەی هۆشبەر بەكاربهێنێ.
چیرۆكی دەستگیركردنەكەی
كات 4ی پاشنیوەڕۆی رۆژی 21/1/2014، لەكاتێكدا سارا لەماڵەوەیە و لەگەڵ خزمەكەی سەرقاڵی كێشانی ماددەی هۆشبەرن، وەك خۆی دەڵێت لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیر كراون. هەر لەوێ دەزانێ كە مێردەكەشی پێش خۆی دەستگیركراوە.
سارا ماوەی هەشت مانگە لەزیندانە و بەتۆمەتی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزای یەك ساڵ بەندكردن دراوە "ئەوكاتەی دەستگیر كرام تەمەنم 18 ساڵ نەبوو، هەر بۆیە سزاكەم كەمتر بوو، بەڵام رۆژێك ژیانی نێو زیندان وەك تەمەنێك ژیان وایە و تێناپەڕێت".
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازیی ژنان، 190 كەس لە چاكسازیی ژناندان كە 36 گیراوی ژن و 21 نەوجەوانان و 103 گەنجن. هەروەها 31 راگیراویش هەن كە 3 كەسیان لە رەگەزی مێن و لە كۆی 190 گیراو و راگیراو 38 كەسیان بەتاوانی كوشتن دەستگیركراون، 14 كەسیش بەتاوانی بەكارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر گیراون.
هەروەها لەساڵی 2013دا 946 كەس هاتوونەتە چاكسازیی ژنان بە تاوانی جیاواز. لەنێویاندا دەستگیركراوان بە تاوانی كوشتن 48 كەسن كە 46 تاوانباریان لە رەگەزی نێر و 2 تاوانباریان لە رەگەزی مێن، دەستگیركردن بە تاوانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر 22 تاوانبارن كە 20یان لە رەگەزی نێرن 2یان لە رەگەزی مێن.
ئێستا پەشیمانە
سارا لە زیندان بەشداری هیچ خولێكی فێربوون ناكات، ئەو گلەیی لە باوك و دایكی هەیە كە نەدەبوو جیاببنەوە، چونكە پێیوایە چیرۆكی گەیشتنی ئەو بە زیندان پەیوەندی بەو جیابوونەوەیەوە هەیە "رۆژەكان دەژمێرم تا لە زیندان دەچمە دەرەوە، دەمەوێت جارێكی دیكە لەگەڵ دایكم و هاوسەرەكەم ژیانێكی سادە و ئاسایی بژیم، چونكە من ئەوانم خۆشدەوێت، بڕیارمداوە جارێكی دیكە نەچمەوە بەلای ماددە هۆشبەرەكاندا".


