لە غیابی حكومەت و لەسایەی ململانێی هێزە بەناو عەلمانییەكانی كوردستاندا لەسەر پلە و پۆست و دەسەڵات و سەرقاڵیی هەندێك لە حیزبەكان بەكێشە ناوخۆییەكانیان بەتایبەتی لە زۆنی سەوز، دەرفەتێكی گونجاو بۆ هێزە ئیسلامییەكان رەخساوە بۆ گوڕدان بە كار و چالاكیی رێكخستنەكانیان. بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەرێكی كوردی، رێژەی ژنانی باڵاپۆش لە پایتەختی رۆشنبیری روو لەزیادبوونە و یەكگرتووی ئیسلامی فێستیڤاڵی ساڵانەیان بۆ رێكدەخات. لە پێنجەمین فێستیڤاڵدا كە لە سلێمانی بەڕێوەچووە، 400 كچی ئەم شارە حیجابیان لەسەر نراوە و باسی ئەوەیان بۆ كراوە كە دەبێ هەموو كچ و ژنێكی كورد وەك ئەوان بكەن و جەستەی خۆیان بشارنەوە، وەك ئەوەی جەستەی ژنی كورد عەورەت بێت. مەسەلەی حیجاب و نیقاب قسەی زۆری لەسەر كراوە و پانتاییەكی زۆری لە مشتومڕی نێوان ئیسلامییەكان و لیبراڵەكانی وڵاتانی ئیسلامیدا داگیر كردووە، هەندێك لە رەوتە ئیسلامییەكان پێیانوایە فەرزە و پێویستە لەسەر ژنانی موسڵمان بیپۆشن، بەڵام ئێمە دەزانین روكنەكانی ئیسلام پێنجن (بڕوابوون بە خوداو پێغەمبەر، نوێژ، رۆژوو، زەكات، حەجی ماڵی خودا) و بە هیچ شێوەیەك حیجاب لەسەر ژن فەرز نەكراوە، هەندێكی دیكە پێیانوایە كە حیجاب دابونەریتێكی كۆمەڵایەتییە، رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ جزیرەی عەرەبی، جا ئەگەر ژنانی عەرەب بیپۆشن ئاساییە و ئەوە كەلتووری خۆیانە، بەڵام ئەگەر ژنانی كورد هەموو باڵا پۆش بكرێن ئەی كێ كەلتووری جلوبەرگی كوردی بپارێزێ كە دایكانی ئێمە تا ئەمڕۆ پاراستوویانە و بەشێكە لە ناسنامەی نەتەوەییمان. پێموانیە ئەوانەی باڵاپۆشن پلەیەك بەرزتر بن لە سفورەكان لەلای خودا، چونكە خودا سەیری دڵ و دەروونی مرۆڤ دەكات نەك روخساری. لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا ژن نیشتمانی لاوازی و شەرمە و چواردەوری بە موحەڕڕەمات تەنراوە، سەرچاوەی سەرەكی گوناهەكانە و هەڵگری شەرەفی خێزان و كۆمەڵگە و میللەتە، بۆیە دەبێ بەباشی بپێچرێتەوە. ئەمە بیركردنەوەی بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی كوردییە. لەڕاستیدا كێشەی كۆمەڵگە دواكەوتووەكان بە كوردیشەوە، كێشەی پۆشین یان نەپۆشینی حیجاب نییە، كێشەكە لە عەقڵ و تێڕوانینی پیاوە بۆ ژن. ئەو پیاوەی ناتوانێ غەریزەكانی خۆی كۆنترۆڵ بكات و ئەو پیاوەی تەنها وەك جەستە لە ژن دەڕوانێ، ئەو پیاوانەی دەیانەوێ ژنان دوای ئایدیۆلۆژیا و فكری ئەوان بكەون و لەڕێی ژنی باڵاپۆشەوە دەسەڵاتی خۆیان نمایش بكەن بەرامبەر ئەوانی دی. كێشەی ئەمڕۆی ژنانی كورد زۆر گەورەترە لە شاردنەوەی جەستە، ماوەی 20 ساڵە جەستەی ژن یان بووەتە خۆراكی ئاگر، یان بە قوربانی چەند فیشەكێك كراوە و لە چۆڵەوانییەك فڕێدراوە، كلیلی چارەسەری كێشەكانی كۆمەڵگەی كوردی تێڕوانینی پۆزەتیڤانەی كۆمەڵگەی كوردییە بۆ ژن و رزگاركردنی عەقڵی ژنە لە خورافات و لاساییكردنەوە
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست23-10-2026حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی 'هێرشە تیرۆریستییەکەی' سەر کەنیسەیەکی ئوردن دەکات