رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق بڕیاریدا ناردنى هەندێک لە بەرهەمە نەوتییەکانی پاشماوەى پاڵاوگەکان بە نرخى پاڵپشتیکراو بۆ کارگە و کۆمپانیا و پاڵاوگەکانى هەرێمى کوردستان رابگرێت. بە گوتەى ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ئەو رێکارە کاتییە و بۆ بەدواداچوونە.
بەگوێرەى نووسراوێک کە حوسێن خەرسان، بریکارى یەکەمى بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق لە 23ى تشرینى دووەم ئاراستەى سەرجەم دەستە و لقەکانى دابەشکردنى کۆمپانیاکەى کردووە، ئاگادارى کردوونەتەوە کە بەشێوەیەکى کاتى دابینکردنى پشکى کارگە و کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان لە بەرهەمەکانى نەوت رابگرن.
راگرتنەکە لە ئەمڕۆ دووشەممە 23ى تشرینى دووەمەوە دەبێت و لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو بڕیارەیان لەسەر بنەماى فەرمانى وەزیرى نەوت بووە، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵیدا.
ئومێد بەروارى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەو بەرهەمانەى نەوت ئەوانەن، کە پاشماوەى پاڵاوگەکانى عێراقن لە نەوتى رەش و پاشماوەى دیکە و دەدرانە ئەو کارگەى قیر و چیمەنتۆ و پاڵاوگە و کۆمپانیایانەى کە لە هەرێمى کوردستانن و مۆڵەتى حکومەتى عێراقیان هەیە".
ئەو بەرهەمە نەوتییانە وەک کەرەستەى سەرەتایی یان سەرچاوەى وزە لەلایەن کارگە و پاڵاوتگەکانەوە بەکار دەهێنرێن و وەزارەتى نەوتى عێراق بە نرخى پاڵپشتیکراو پێیان دەدات.
ئومێد بەرواری دەڵێت، بەرپرسەکەى وەزارەتى نەوت کە ئەو نووسراوەى دەرکردووە، پێی گوتووە، "ئەو رێکارە کاتییە تاوەکو بەدواداچوون و چاودێریى ئەو کارگە و کۆمپانیایانە دەکەن، کە ئەو بەرهەمە نەوتییانەیان بۆ ناردوون."




