رووداو-هەولێر
رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، کە نوێنەرێکی جولەکە هاوڕێیەتی حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.
پێگەی خەردادی ئێرانی نزیک لە ریفۆرمخوازان لەو بارەیەوە نووسیویەتی"بڕیاری دەسنیشانکردنی نوێنەری جولەکەکان لەگەڵ وەفدی سەرۆکی ئێران حەسەن رووحانی، گرنگییەکی بەرچاوی هەیە لەوەی وێنەی ئێران لەبەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشتر بکات".
لە کاتی هاتنە سەر دەسەڵات رووحانی دووپاتی لەسەر مافی هەموو کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکانی وڵاتەکەی کردەوە، دەسنیشانکردنی سیامەک سدقی جولەکە وەک ئەندامێکی وەفدەکەی لەو چوارچێوەیە دایە.
پێش ماوەیەکیش محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەر پێگەی خۆی لە تویتەر پیرۆزبایی لە جولەکەکان کرد بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی جولەکەکان، لەگەڵ ئەوەی کە نەیویست کۆمەڵکوژی جولەکەکان رەتبکاتەوە.
دووپاتیشیکردەوە، کە ئەوەی رەتیدەکاتەوە رۆیشت وەک ئاماژەیەک بۆ نەمانی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بەردەوام "رەشکردنەوەی ئیسرائیل لە سەر نەخشەی جیهان"ی کردبووە دروشمی خۆی.
بەگوێرەی زۆربەی سەرچاوەکان نزیکەی ٢٥ هەزار جولەکە لە ئێران بوونیان هەیە.




.jpg&w=3840&q=75)