رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕێکی تایبەت بە ئینتەرنێت و تەکنەلۆجیا، لە راپۆرتێکدا سوودێکی مۆبایلە کۆنەکان ئاشکرا دەکات، بەتایبەت ئەو مۆبایلانەی سیستمی ئەندرۆیدیان لەسەرە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ئینگاجیت، ئەو مۆبایلانەی کۆن بوون و چیدی بەکاریان ناهێنین، دەکرێ وەک ئامێری بەهێزکردنی ئینتەرنێتی ماڵان سوودیان لێ وەربگیرێت. بەشێوەیەک ئیدی ئەو کێشەیە ناهێڵێت کە لە هەندێ ژوور یان شوێنی ماڵەکەمان ئینتەرنێت خراپ بێت.
ماڵپەڕی ئینگاجیت پێشنیازی کردووە، لەجیاتی کڕینی ئامێری پەخشکردنی ئینتەرنێت، سوود لە مۆبایلە کۆنەکان وەربگیرێت، ئەمەش خەرجی و بەفیڕۆدان کەم دەکاتەوە، لەجیاتی کڕینی ئامێرێکی نوێ، ئامێرێکی کۆن، کە بڕیارە فڕێی بدەین، بەکاردەهێنین.
چۆن سوود لە مۆبایلە کۆنەکان وەربگرین؟
هەنگاوی یەکەم، لە هەرشوێنێکی ماڵەکەت ئینتەرنێت خراپە، مۆبایلە کۆنەکە لە دوورییەکی یەکسان لە نێوان شوێنەکە و سەرچاوەی ئینتەرنێتی ماڵەکەت دابنێ.
هەنگاوی دووەم، مۆبایلە کۆنەکەت پەیوەست بکە بە ئینتەرنێتی ماڵەکەتەوە و پاشان بەشی پەخشکردنی ئینتەرنێت (hotspot) لە هەمان مۆبایلدا کارا بکە.
هەنگاوی سێیەم، مۆبایل یان هەر ئامێرێکی دیکە لەگەڵ ئەو ئینتەرنێتە پەیوەست بکە کە لە مۆبایلە کۆنەکەوە پەخشکراوە.
بەم هەنگاوە مۆبایلە کۆنەکەت دەبێتە ئامێری گەیاندنی ئینتەرنێت بە هەموو شوێنێکی ماڵەکەت، خێرایی ئینتەرنێتیش لە هیچ شوێنێکی ماڵەکەت کەم و زیاد ناکات.



