رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ شەڕ ئامادەیە و ئەگەر هێرشمان بکرێتەسەر، هێرشەکانمان تووندتر، قورستر و بەهێزتر دەبن."
رۆژی سێشەممە، 26ـی ئایاری 2026، ئەبولفەزل شکارچی، لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر بە هێرشەکانی باشووری ئەو وڵاتە رایگەیاند، لە ئەگەری هێرشی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران بانکی ئامانجەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکانی دەستنیشان کردووە.
ئەبولفەزل شکارچی گوتی: "وەڵامدانەوەمان بۆ هەر دەستدرێژییەکی نوێ جیاواز دەبێت لەوەی پێشتر هەبووە، دوژمنان بە دڵنیاییەوە لەگەڵ سوپرایز و تاکتیکی نوێ رووبەڕوو دەبنەوە."
گوتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران هەروەها هەڕەشەی کرد: "هێرشەکانی ئێران، لە ئەگەری چوونی ناوچەکە بەرەو خولێکی دیکەی شەڕ، سنوورەکانی ناوچەکە دەبەزێنێت و زۆر تووندتر، قورستر، تووندوتیژتر و بەهێزتر دەبێت لە دوو شەڕەکەی پێشوو."
بە گوتەی ئەبولفەزل شکارچی، "ئەگەر شەڕ دووبارە دەستپێبکاتەوە و رێگری لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران رێگری لە چوونەدەرەوەی نەوت لە ناوچەکە دەکات."
هەڕەشەکانی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر پێگەکانی هاوێشتنی مووشەک لە باشووری ئێران و ئەو بەلەمانەی کە هەوڵیان دەدا مینی دەریایی بچێنن.
رۆژی دووشەممە، 25ی ئایاری 2026 بە کاتی ئەمریکا و بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 26ی ئایاری 2026 بە کاتی هەولێر، تیم هاوکینز، گوتەبێژی سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ هێرشی بەرگری لەخۆکردنیان لە باشووری ئێران ئەنجامدا بۆ پاراستنی سەربازەکانمان لەو هەڕەشانەی لە لایەن هێزە ئێرانییەکانەوە دروست دەکرێن." سێنتکۆم وردەکاریی زیاتری لەسەر هێرشەکان نەدا و تەنیا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجەکان پێگەی هاوێشتنی مووشەک و ئەو بەلەمانە بوون کە هەوڵیان دەدا "مین بچێنن."
ئەم هێرشانەی ئەمریکا لە کاتێکدان کە شاندێکی باڵای دانوستاندنکاری ئێران بە سەرۆکایەتی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران بۆ گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە دۆحەی پایتەختی قەتەرە.
