رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا مەرجی سەرەکیی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە هەر جۆرە رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد، کە بریتییە لە لەنێوبردنی تەواوەتیی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران. دەشڵێت، دەبێت ئەم پرۆسەیە لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بێت.
رۆژی سێشەممە، 26ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاند، دەبێت چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە، کە ئەو بە "تۆزی ئەتۆمی" ناوی برد، بە یەکێک لەم دوو رێگەیە یەکلایی بکرێتەوە: "یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە دەبێت یان دەستبەجێ رادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکرێت تاوەکو بیبەینەوە و لەناوی ببەین، یان باشتر وایە لە شوێنی خۆی یان لە شوێنێکی دیکەی پەسندکراو لەناوببرێت."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم پرۆسەیە دەبێت لە ژێر چاودێریی "ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی" یان هەر دامەزراوەیەکی هاوتای ئەو بێت، تاوەکو وەک شایەتێک ئامادەی پرۆسەی لەناوبردنی ماددە ئەتۆمییەکان بن.
واشنتن گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر تاران تاوەکو دەستبەرداری پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ببێت و پێشتریش چەندین جار رایگەیاندووە، رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامیدانەوە.
لە رۆژی 8ی نیسانەوە، بە نێوەندگیری پاکستان ئاگربەستی جەنگەکە راگەیێندراوە، بەڵام ناوە ناوە هەردوولا هێرشیانکردووەتە سەر ئەوەی دیکە.
ئەمریکا و ئیسرائیل لە دانوستاندنەکانیاندا لەگەڵ ئێران ئاماژە بەوە دەکەن، نابێت ئێران هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێندراوی بە رێژەی بەرز و توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی دیکەی بمێنێت، مەرجێک کە تاران رەتیدەکاتەوە.
پێش جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی رابردوو، ئێران خاوەن زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی سەروو 60٪ بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی تەواوەتی ئەو یۆرانیۆمە یەکلانەکراوەتەوە.
