رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، لە 24 کاژێردا رێگەیان بە تێپەڕبوونی 32 کەشتیی نەوت و بازرگانی داوە بە نێو تەنگەی هورمز داوە و دەڵێت: "کەشتییەکان دوای وەرگرتنی مۆڵەت تێپەڕیون."
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، لە 24 کاژێری رابردوودا 32 کەشتی لە جۆرەکانی گواستنەوەی نەوت و بار و بازرگانی، بە نێو تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، ئەوەش دوای وەرگرتنی مۆڵەت و "هاوئاهەنگیی ئەمنی" لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسداران.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران دا هاتووە: "سەرەڕای ئەو نائارامییەی بەهۆی دەستدرێژییەکانی سوپای ئەمریکاوە لە تەنگەی هورمز دروستبووە، هێزی دەریایی سوپا توانیویەتی رێڕۆیەکی ئارام بۆ کەشتیوانی و بەردەوامیی بازرگانیی جیهانی دەستەبەر بکات."
ئەم بڵاوکراوەیەی سوپا لەکاتێکدایە، لە دوای داخستنی تەنگەی هورمز لە مانگی ئاداری رابردووەوە، ئێران دامەزراوەیەکی بەناوی (بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز) دروستکردووە. بەگوێرەی رێنماییەکانی ئەو دامەزراوەیە، هەر کەشتییەک بییەوێت بەو رێڕەوەدا تێپەڕێت، دەبێت پێشوەختە مۆڵەت وەربگرێت و هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای پاسداران بکات.
حکومەتی ئێرانیش لای خۆیەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "سیستەمێکی پشکنین و پەڕینەوە"یان جێگیرکردووە. بەپێی ئەم سیستمە نوێیە، تاران تەنیا رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتیی ئەو وڵاتانە دەدات کە لە لیستی "وڵاتانی دۆست"ی ئێراندان.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە، کۆنترۆڵکردنی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە کە چالاکییەکانی ئێران لەو ناوچەیە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی دەبینن.
