رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند، ئەگەری هەیە واشنتن بەم نزیکانە هێرش بکاتە سەر (چیای قوڵنگ)ـی ئێران؛ ئاماژەی بەوەشکرد، رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
رۆژی هەینی، 04-09-2026، دۆناڵد تڕەمپ لە کۆشکی سپی سەبارەت بە جەنگی وڵاتەکەی و ئێران قسەی کرد و گوتی: "شەڕ لەگەڵ ئێران ناکەین. ئەوەی کردمان جەنگ نەبوو، بەڵکو تەنیا پێكدادانێکی سەربازی بوو."
کاتێک لەلایەن پەیامنێرانەوە پرسیاری لێکرا ئەگەر ئەمە جەنگ نییە ئەی چییە؟ لە وەڵامدا گوتی: "من پێی دەڵێم پێكدادانی سەربازی، چونکە بۆ ئێمە شتێکی بچووکە و بابەتێکی گەورە نییە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە ڤەنزوێلامان کۆنترۆڵکرد و بە هەمان شێوە بە کردەیی ئێرانمان کۆنترۆڵکردووە؛" گوتیشی کە ماوەی چەند رۆژێکە هیچ تەقەیەک نەکراوە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە"ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئێمە ئەوانمان وەستاند." سەبارەت بە رۆڵی چین لەم هاوکێشەیەدا، تڕەمپ گوتی، قسەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کردووە و داوای لێکردووە "تێکەڵی کێشەکانی ئێران نەبن."
ترەمپ دەڵێت "نەوتێکی زۆر بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕێ" و ئاماژەی بەوەش کرد کە هیچ مینێک لەو رێڕەوە ئاوییە نەماوە و هەموویان هەڵگرتوونەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە ئێستا چەندین جێگرەوەیەک بۆ تەنگەی هورمز دروست دەکرێن و لە داهاتوودا پێویستییان بەو تەنگەیە نابێت. ترەمپ گوتی: "ئێستا بۆریی نەوت دادەنرێن. رێگەی سووریا کراوەیە و بارهەڵگرە زەبەلاحەکانی نەوت بەوێدا تێدەپەڕن."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە "تەنگەی هورمز وەک پێشتر گرنگ نەماوە" و رێگەی سووریا ئێستا بۆ ناردنی نەوت "زۆر سەرنجڕاکێشە."



