رووداو دیجیتاڵ
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، دەبێت وڵاتانی ناوچەکە داهاتووی خۆیان بە دەستی خۆیان بنووسنەوە و وڵاتەکەیشی پێشوازی لە بیرۆکەی چین دەکات بۆ دروستکردنی نەخشەڕێگەیەکی نوێی ئەمنی لە ناوچەکەدا.
محەممەدباقر قالیباف ئەمڕۆ هەینی، 04-09-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "جەختکردنەوەی چین لەسەر بەهێزکردنی ئاسایشی هاوبەش، رەنگدانەوەی ئەو بنەمایەیە کە ئێرانیش ساڵانێکی زۆرە جەختی لەسەر دەکاتەوە."
قالیباف ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەدیهاتنی ئارامی بە هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکەوە بەستراوە و دەڵێت: "دەبێت وڵاتانی ناوچەکە بە دەستی خۆیان داهاتووی خۆیان دیاری بکەن و سەقامگیریی راستەقینە تەنیا لە رێگەی دروستکردنی نەخشەڕێگەیەکی ئەمنیی نوێ و خۆجێیی لە ناوچەکەدا دەستەبەر دەبێت. ئێران بۆ ئەم هەنگاوە ئامادەیە."
لێدوانەکانی قالیباف لە کاتێکدایە، چین رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە داوای لە ئەمریکا کردووە سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا جێبەجێ نەکات. هوانگ لینگ، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی چین لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەکین رایگەیاند، چین سزای تاکلایەنەی ئەمریکا رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو سزایانە هیچ بنەمایەکیان لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا نییە و لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە رێگەپێدراو نین.



