رووداو دیجیتاڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە "هەر رێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ ئێراندا دەبێت مەترسیی ئەتۆمی لەناو ببات." نەتەنیاهوو روونیکردەوە، ئەمە بە واتای "هەڵوەشاندنەوەی وێستگەکانی پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران و لابردنی مادە ئەتۆمییە پیتێندراوەکانی لە خاکەکەیدا" دێت. رۆژی یەکشەممە 25-05-2026، بنیامین نەتەنیاهوو لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی، وردەکاریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی شەوی رابردووی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا خستەڕوو، کە تێیدا باسیان لە یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و دانوستاندنەکانی داهاتوو کردووە. نەتەنیاهوو رایگەیاند: "سیاسەتی من، وەک سەرۆک ترەمپ، بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە: ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ترەمپ "مافی ئیسرائیلی بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە دژی هەڕەشەکان لە هەموو بەرەیەکدا، بە لوبنانیشەوە، دووپاتکردووەتەوە." هەروەها، نەتەنیاهوو پێزانینی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕی لەبەرامبەر "پابەندبوونە نەگۆڕەکەی" بۆ ئاسایشی ئیسرائیل، بەتایبەتی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی (شێری نەڕێنەر) و (تووڕەیی داستانئاسا)ـدا، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل "شانبەشان دژی هەڕەشەی ئێران جەنگان." لە کۆتایی پۆستەکەیدا، نەتەنیاهوو نووسیویەتی: "هاوبەشیی نێوان ئێمە و هەردوو وڵاتەکەمان لە گۆڕەپانی شەڕدا سەلمێندراوە و هەرگیز لەوە بەهێزتر نەبووە."
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست04-07-2026نوێنەرانی حەماس و حیزبوڵڵا بەشدارییان لە پرسەی عەلی خامنەیی کرد و لەگەڵ عێراقچی کۆبوونەوە
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست02-07-2026وردەکاری لەسەر رووداوەکەی میناب ئاشکرا دەبن؛ '123 کوژراو لە 13 ساڵ بچووکتربوون'
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست01-07-2026وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: تاوەکو کاتێکی نادیار لە لوبنان، سووریا و غەززە دەمێنینەوە