رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسداران رایگەیاند: لە چەند کاژێری رابردوو چوار کەشتیی گواستنەوەی نەوت دوای ئەوەی لە تەنگەى هورمز بەر مینی دەریایی کەوتن، گڕیان گرتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026 هێزی دەریایی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە: "لە چەند کاژێری رابردوو چوار کەشتیی گواستنەوەی نەوت کە سیستمی رادار و دیاریکردنی شوێنیان کوژاندبووەوە و بە نهێنی هەوڵیاندەدا بە رێڕۆیەکی رێگەپێنەدراوی تەنگەى هورمزدا تێپەڕن، بەر مینی دەریایی کەوتن و گڕیان گرت."
سوپای پاسداران دەشڵێت: "کەشتییەکان نەوتهەڵگری گەورە بوون و زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەڵگرتبوو، بەهۆی تەقینەوە و گڕگرتنیانەوە لە ئاوەکانی باشووری کەنداو، نووقم بوون."
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا ناو، خاوەن یان ئاڵای هەڵکراوی وڵاتی کەشتییەکان ئاشکرا نەکراوە.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆشدارییان داوەتەوە دوو کەشتی دیکە و لە شوێنەکە دوور کەوتوونەتەوە.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە، تاران مەرجی تووندی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەى هورمز داناوە و داوا دەکات، هەموو کەشتییەک پێشوەختە رەزامەندیی ناوەندی کۆنترۆڵی دەریایی ئێران وەربگرێ، بە پێچەوانەوە دەکرێ بکرێتە ئامانج.
لە بەرامبەریشدا واشنتن گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ پاراستن و یاوەریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەو رێڕەوەدا ئەنجام دەدات.




