رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، داوای 290 ملیار دۆلاری قەرەبوو لە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن.
بەگوێرەی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، حەسەن عەبدولیانپوور، سەرۆکی ناوەندی پارێزەرانی دەسەڵاتی دادوەری گوتی: "لە دادگا ناوخۆییەکاندا بڕیاری دادوەریمان بەدەستهێناوە بۆ وەرگرتنی 290 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو لە ئەمریکییەکان."
هەروەها گوتی کە چەندین سکاڵای یاسایی لە دژی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو تۆمار کراون بەهۆی "رێگەدان بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی خاکەکەیان بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش دژی ئێران."
بەگوێرەی تەلەڤیزیۆنی فەرمی، قەرەبووەکان ئەو کارانەی ئەمریکا دەگرێتەوە کە مێژووەکەیان بۆ چەندین دەیە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان ئەنجام دا کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران.
ئێران بە هاویشتنی مووشەک و درۆن بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وەڵامی دایەوە و رایگەیاند کە بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەو وڵاتانەدا دەکاتە ئامانج.
یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد کە لە مانگی حوزەیراندا لە نێوان ئەمریکا و ئێران واژۆ کرا و ئامانج لێی رێگەخۆشکردن بوو بۆ رێککەوتنێکی ئاشتی، بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو کە بەپێی ئەو بڕگەیە واشنتن و هاوبەشە هەرێمییەکانی پلانێک بە بڕی لانی کەم 300 ملیار دۆلار دادەڕێژن "بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی" ئێران.
سەرەڕای ئەوەش، ئێران بۆ ماوەی چەندین دەیە لەژێر سزا قورسەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بووە، بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە.



