رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی بازرگانیی ئێران لە نووسراوێکدا بۆ نووسینگەی هەناردەکردنی گومرگی ئەو وڵاتە، قەدەخەکردنی هەناردەکردنی تەماتە، پیاز و پەتاتەی راگەیاند.
ئەم قەدەخەکردنە بە پشتبەستن بە بڕگەی (ئەلف) لە مادەی 72ـی یاسای پلانی پێنج ساڵەی حەوتەمی پەرەپێدان و لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی بازاڕ و دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆدا دەرکراوە.
بەپێی بڕیارەکەش، هەناردەکردنی ئەو سێ بەرهەمە تاوەکو ئاگادارکردنەوەی دیکە قەدەخە دەبێت.
قەدەخەکردنی هەناردەکردنی ئەو بەرهەمانە لە کاتێکدایە، لە چەند هەفتەی رابردوودا بازاڕەکانی ئێران رووبەڕووی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخ بوونەتەوە، بە جۆرێک نرخی یەک کیلۆگرام تەماتە گەیشتووەتە 140 هەزار تمەن و نرخی پەتاتە و پیازیش 100 هەزار تمەنی تێپەڕاندووە.



