رووداو دیجیتال
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، رۆژی پێنجشەممە هۆشداریی دا کە ئەو قەیرانەی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەریهەڵداوە، "گەورەترین هەڕەشەیە" لە مێژوودا بۆ سەر ئاسایشی وزە.
ئاژانسەکە لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی نەمانی رێگەچارە بۆ تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە لەسەر دابینکردنی وزە، ئێستا بەکاربەران باجی زیاتر دەدەن. ئاژانسەکە هۆشداریشی داوە کە ئەم قەیرانەش هاوشێوەی هەژەندەکانی پێشووی وزە، بە دڵنیاییەوە "شوێنەواری هەمیشەیی" بەجێدەهێڵێت.
لەو کاتەوەی ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و کەشتییەکانی گواستنەوەی وزەی لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج، وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە لە هەناردەکردنی نەوتدا.
سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ یاوەریکردنی کەشتییەکان بەنێو تەنگەکەدا (کە پێش قەیرانەکە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی)، رێگەکانی دابینکردنی وزە هێشتا پەکیان کەوتووە.
فاتیح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە پێشەکیی راپۆرتەکەدا نووسیویەتی: "قەیرانی تەنگەی هورمز گەورەترین هەڕەشەی لە مێژوودا بۆ سەر ئاسایشی وزە دروستکردووە، بە جۆرێک کە قەبارەی هەژەندە نەوتییەکانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لەچاویدا بچووک دەردەکەون."
بیرۆڵ ئاماژەی بە هەوڵی وڵاتان بۆ پاراستنی هاووڵاتییانیان لە کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکانیان کرد، لەوانە خستنەبازاڕی بڕێکی زیاتری نەوت لەلایەن وڵاتانی بەکارهێنەر و بەرهەمهێنەرەوە، بەکارهێنانی رێڕەوی جێگرەوە و کەمکردنەوەی کڕینی نەوت لەلایەن چینەوە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان؛ گوتیشی: "حکومەتەکان دەستوەردانیان کردووە بۆ پاراستنی بەکاربەران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رووبەڕووی بەرزیی نرخ و لە هەندێک حاڵەتیشدا کەمیی دابینکردنی وزە بوونەتەوە."
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە بەهۆی تەواوبوونی یەدەگ و رێگە خۆپارێزییەکانی دیکە، بەرەبەرە ئەرکی نەهێشتنی کاریگەرییەکان و بەرگەگرتنی نرخەکان دەکەوێتە سەر شانی بەکاربەران.
هیچ رێڕۆیەک بۆ گەڕانەوە نییە
بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی لووتکەی کەشوهەوا کۆپ31 لە تورکیا، کە تێیدا حکومەتەکان لەژێر گوشاردان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دوای ساڵێکی پڕ لە شەپۆلی گەرمای تووند و ئاگرکەوتنەوە لە ئەورووپا و لافاوە کوشندەکان لە نیپاڵ.
ئاژانسەکە سێ سیناریۆی بۆ پێشبینییەکانی وزە خستووەتەڕوو؛ لە سیناریۆی مامناوەنددا پێشبینی دەکات خواست لەسەر نەوت لە جیهاندا لە دەوروبەری ساڵی 2030 بگاتە لووتکە و دواتر بەرەو کەمبوونەوەیەکی هێواش بچێت، لە کاتێکدا خواست لەسەر گاز تاوەکو دەوروبەری ساڵی 2035 بەردەوام دەبێت لە زۆربوون.
بیڵ هێر، زانای بواری کەشوهەوا و دامەزرێنەری ناوەندی کڵایمەت ئەناڵەتیکس رایگەیاند، جیهان دەبێت پابەندی سیناریۆی گەیشتن بە سفر دەردانی گازە گەرمکەرەکان بێت تاوەکو ساڵی 2050 و گوتی: "ئەگەر سواری ئەو شەمەندەفەرە نەبین کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە دیاری کردووە، ئەوا جیهان بەرەو گەرمبوونێکی هەمیشەیی بە بڕی 2.5 پلەی سیلیزی یان زیاتر دەبەین کە گەڕانەوەی تێدا نییە."
هاوکات ئاژانسەکە دوو سیناریۆی دیکەی بۆ راپۆرتەکەی ئەمساڵ زیاد کردووە سەبارەت بە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگی ئێران. لەو بارەیەوە فاتیح بیرۆڵ لە راگەیێندراوێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "هەرچەندە کەرتی وزە و ئابووریی جیهان خۆڕاگرییەکی بەرچاویان پیشان داوە، بەڵام تاوەکو قەیرانەکە زیاتر بخایەنێت، کاریگەرییەکانیشی زۆرتر دەبن و هیچ رێڕەوێکی باوەڕپێکراو نابینم بۆ ئەوەی جیهانی وزە بگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوەیەی پێشتر هەبوو."


