رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران "ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەوینی"ـی ئەمریکا لەدژی وڵاتەکەی رەت نەکردەوە و رایگەیاند، "هێزەکانمان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە تەواو ئامادەن."
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، حوسێن موحیبی لەنێو کۆبوونەوەی خوێندکارانی بەسیجیدا لە تاران لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا گوتی: "دوژمن لە بواری سیاسی و سەربازیدا تووشی چەندین شکست بووە. سەرەڕای ئەوەش، رەنگە لەپێناو بەدەستهێنانی دەستکەوتدا پەنا بباتە بەر جووڵەی سەربازیی نوێ."
حوسێن موحیبی گوتی: "ئێمە لەرووی سەربازییەوە هیچ ئەگەرێک تەنیا وەک ئەگەر سەیر ناکەین. ئێمە هەموو ئەگەرەکان لە گۆڕەپانی سەربازیدا بە هەڕەشەی سەد لە سەد دادەنێین، هەر لەبەرئەوەش ئامادەیی سەد لە سەدمان بەرامبەر دوژمن هەیە."
گوتەبێژی سوپای پاسداران جەختی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بەردەوام چاودێریی جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکەن لە ناوچەکەدا و رایگەیاند: "تەنانەت ئاگاداری ژمارەی هێزەکانی دوژمن، ژمارەی فڕۆکەکان و جۆری فڕۆکەکانیانین لە ناوچەکەدا، ژمارەی چەک و تەقەمەنییەکانی دوژمن، شوێنی جێگیربوونیان و جۆری ئەو ئۆپەراسیۆنانەین کە رەنگە ئەم کەرەستانە ئەنجامی بدەن، تەنانەت ئاگاداری ئەو پلانە ئۆپەراسیۆنانەین کە هەیانە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران بە ئاماژەدان بە "ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەوینیی ئەمریکا دژی ئێران" رایگەیاند، "هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە ئامادەن و تواناکانیان لە شەڕی زەوینیدا بە رادەیەکی زۆر زیاترە لە تواناکانیان لە شەڕی ئاسمانی و دەریاییدا."
حوسێن موحیبی گوتی: "ئێمە چاوەڕێین ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی زەوینی بکات، تاوەکو توانای خۆی تاقی بکاتەوە و ببینێت چی روودەدات."
ئەم بەرپرسە باڵایەی سوپای پاسداران، سوپای ئەمریکای بە "سوپایەکی زەوینی" دانەنا و سەبارەت بە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی دابەزاندنی هێز بە هێلیکۆپتەریش گوتی: "لە بنەڕەتدا توانایەکی لەو شێوەیەیان نییە؛ چونکە هێلیکۆپتەرەکانیان لە ئاسماندا دەکەینە ئامانج."
موحیبی ئەوەشی خستەڕوو، سیستەمە بەرگرییەکان و بەرگریی ئاسمانیی ئێران بەهێزتر کراون و گوتی، لە ماوەی دوای جەنگدا، بە هەوڵی پسپۆڕانی سەربازی، لانیکەم سێ سیستەمی نوێی بەرگری دروست کراون و لە شوێنەکانی مەبەست جێگیر کراون.
قسەکانی ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی ئێران لەکاتێکدایە، لووتکەی سەرۆکانی سێ وڵاتی چین، ئەمریکا و رووسیا لە شاری شینژنی چین بەڕێوەچوو کە دۆسیەی جەنگی ئێران یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بووە.
لەلایەکی دیکەوە، بە گەیشتنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزڤێڵت بۆ ناوچەکە، ئێستا ئەمریکا سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
هەروەها چەند رۆژێکە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا زیادیان کردووە؛ ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرێن و کوێت، لەبەرامبەریشدا ئەمریکا دوورگەی قیشم و بەندەری سیریکی لە پارێزگای هورمزگان بۆردوومان کردووە.



