رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران رایگەیاند، "دووژمن" خەریکی ئامادەکردنی هێزەکانیەتی، بەڵام هێزە چەکدارەکانی ئێران بە وردی چاودێریی جموجۆڵەکانیان دەکەن. هۆشدارییش دەدات و دەڵێت، "لە ئەگەری هەر هەڵەیەکی دووژمن، وەڵامێکی زۆر تووندمان دەبێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026 ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران لە پەراوێزی سەردانیدا بۆ پێشانگای پاشماوەی ئەو کەرەستە سەربازییانەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە جەنگی 12 رۆژە و 40 رۆژەدا کەوتوونەتە دەستی هێزەکانی ئێران، باسی دۆخی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا کرد.
فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران رایگەیاند، "دووژمن لە خۆئامادەکردنی هێزەکانی دایە، بەڵام ئەرتەش و هێزە چەکدارەکانی دیکە بەوپەری وریاییەوە چاودێریی جموجۆڵەکانیان دەکەن."
ئەمیر حاتەمی گوتی، رێگە نادەین هیچ کەسێک بە چاوی خراپ تەماشای وڵاتەکەمان و سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات و وانەیەکی وایان دەدەینێ، کە ببێتە پەند بۆ هەمووان.
فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران ئاماژەی بە جێگیربوونی کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا لە ناوچەکە کرد و رایگەیاند: "ئێمە بەوپەری وریایی و وردبینییەوە چاودێریی جموجۆڵەکانی دووژمن دەکەین و تەنانەت ساتێکیش بۆ خۆئامادەکردن لەدەست نادەین. سەرجەم هێزەکانی ئەرتەش، بە هێزەکانی وشکانی، دەریایی، ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانییەوە، وێڕای چاودێریکردنی دووژمن، ئامادەکارییەکانیان سات بە سات بەرز دەکەنەوە."
ئەمیر حاتەمی هۆشداریش دەدات، لە ئەگەری هەر هەڵەیەکی بەرامبەر، وەڵامێکی زۆر تووندتر و بەهێزتریان دەبێت.
فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئێران دەڵێت: "ئەگەر دوژمن هەڵە بکات و ئەو کارەی کە جارێک کردی و خۆی خستە تەنگژەوە دووبارەی بکاتەوە، بێگومان بە شێوەیەکی تووندتر، بەهێزتر و بەبێ هیچ سنوورێکی جوگرافی رووبەڕووی خۆی و لایەنگرانی دەبینەوە."
قسەکانی ئەو بەرپرسە باڵایە سەربازییەی ئێران لە کاتێکدایە، کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یوو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزڤێڵت گەیشتووەتە ناوچەکە. بەمەش ژمارەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە سێ کەشتی.
هەروەها چەند رۆژێکە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا زیادیان کردووە؛ ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرێن و کوێت، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا دوورگەی قیشم و بەندەری سیریکی لە پارێزگای هورمزگان بۆردوومان کردووە.



