رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری سنە رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئێران و "گرووپێکی چەکداری نەناسراو"دا روویداوە. فەرماندەییەکە دەڵێت، لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا سەربازێک کوژراوە و سەربازێکی دیکەشیان بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لەسەر سنوور گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، پێکدادانەکە رۆژی سێشەممە و لەسەر سنووری شاری بانە بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەدڕەزا حاتەمی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە پێکدادانێکدا لەگەڵ گرووپێکی چەکداری نەناسراو لەسەر سنووری بانە، سەربازێکیان کوژراوە.
ئەحمەدڕەزا حاتەمی گوتی، پێکدادانەکە لەو کاتەدا روویداوە کە هێزەکانیان خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکی گەڕان، چاودێریکردنی سنوور و دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە بوون.
بە گوتەی حاتەمی، ئەو سەربازەی لە پێکدادانەکەدا کوژراوە ناوی (ئەمیر مەهدی کیانفەر)ە کە لە بنکەی سەیفی سەر بە فەوجی سنووریی بانە لە ئەرکدا بووە.
بەگوێرەی میدیای ئێران، ئەو سەربازە خەڵکی شاری دلیجان سەر بە پارێزگای مەرکەزی بووە و لە شاری بانە لە ئەرکی سەربازیدا بووە.
رەزا رەبیعی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی شەهید لە پارێزگای مەرکەزیی ئێران رایگەیاند، "ئەمیرمەهدی کیانفەر، لە پێکدادانێکدا لەگەڵ پژاک لەسەر سنووری بانە کوژراوە."
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی پێکدادانەکەی سەر سنووری بانە بڵاونەکردووە، بەڵام لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی سێشەممە بڵاویکردووە، ئاماژە بە پێکدادانەکەی هەفتەی رابڕدوو لە کوێستانەکانی سەردەشت دەکات و دەڵێت، ئەندامێکیان بە ناوی دێرسیم بەهار گیانی لەدەستداوە.
پژاک هەروەها دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاژێر 07:30ی ئێوارەوە بە درۆن و هاوەن هێرشی کردە سەر ناوەندەکانمان لە پێنجوێن. هاوکات لە ئاسمانی چیای ئاسۆس فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) دەسووڕێتەوە، بەڵام هیچ زەرەر و زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتووە."
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنە هەروەها دەڵێت، ئەفسەرێکیان بە ناوی ئەبوڵفەزڵ فەخام، کە لە بنکەی سنووریی دۆنیس سەر بە فەجی بانە لە ئەرکدا بووە، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا بۆ چاودێریکردنی هێڵەکانی سنوور، بەهۆی وەڕگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی سەربازییەوە گیانی لەدەستداوە.



