رووداو دیجیتاڵ
مانگی داهاتوو گەورەترین کۆنفرانسی ئاو لە جیهان لە شاری ئەبوزەبی ئیمارات رێکدەخرێ و چاوەڕێ دەکرێ هەزاران کەس بەشداری تێدابکەن. محەممەد ئەبوشەهاب، نوێنەری ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، ئێرانیان بانگهێشت کردووە تاوەکو بەشداری کۆنفرانسەکە بکات.
رۆژی چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، نوێنەری ئیمارات لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە نیویۆرک لەبارەی بانگهێشتکردنی وڵاتان و مەترسیی بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئاو لە جەنگدا، ئاماژەی بەوە کرد، هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشت کراون؛ گوتیشی، هەوڵیان بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو لە ناوچەکەدا هەیە.
بانگێشتکردنی تاران لەلایەن ئەبو زەبییەوە لە کاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، تاران بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر تەلئەڤیڤ و وڵاتانی دراوسێ وەڵامی دانەوە.
نوێنەرەکەی ئیمارات گوتی: "بە پێی ستراتیژیی ئاسایشی ئاوی ئیمارات تاوەکو ساڵی 2036، سیستمێکی خۆڕاگر و فرەچەشنمان بنیاتناوە کە بۆ ئەوە داڕێژراوە دەستڕاگەیشتنی بەردەوام بە ئاو لە هەردوو دۆخی ئاسایی و کتوپڕدا دەستەبەر بێت، لەوانە کۆگاکردن، سیستمی یەدەگ و تۆڕی پێکەوەبەستراو. لە کۆنفرانسی ئاودا، وڵاتانی ئەندام لە ڕێگەی دیالۆگەوە و بە گوێرەی رێوشوێنە دیاریکراوەکان، ئاڕاستەی گفتوگۆکان دیاری دەکەن. بەڵام بێگومان، لە پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ هەموو وڵاتانی ئەندام، چاوەڕوانییەکە ئەوەیە کە چارەسەری بنیاتنەر و رێگاکانی پاراستنی دەستڕاگەیشتن بە ئاو و وزە بۆ هەمووان بدۆزینەوە".
کۆنفرانسی ئاوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەبوزەبی بڕیارە لە رۆژانی 2 تاوەکو 4ـی کانوونی یەکەمی 2026 بە هاوبەشیی نێوان ئیمارات و سەنیگال بەڕێوەبچێت، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر چارەسەرکردنی قەیرانی جیهانیی ئاو و مسۆگەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک بۆ هەمووان.
دەقی پرسیار و وەڵام
رووداو: لە جەنگی ئەم ساڵدا، بە پێی راپۆرتەکان، ئێران بە درۆن هێرشی کردە سەر وێستگەی کارەبا و ئاوی فوجەیرە لە وڵاتەکەتان؛ هەروەها لە کوێت لە وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی داوە. ئایا ئیمارات ئێرانی بۆ ئەبوزەبی بانگهێشت کردووە و ئایا داوا لە کۆنفرانسەکە دەکەیت وڵاتان پابەند بکات کە هەرگیز ژێرخانی ئاو نەکەنە ئامانج؟
محەممەد ئەبوشەهاب: سوپاس. بەڵێ، ئێران بانگهێشت کراوە. هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگهێشت کراون. سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی ئاوی مەدەنی، ئێمە هەمیشە دەستڕاگەیشتن بە ئاومان وەک پرسێکی ئاسایشی نیشتمانی سەیر کردووە. بە پێی ستراتیژیی ئاسایشی ئاوی ئیمارات تاوەکو 2036، سیستمێکی خۆڕاگر و فرەچەشنمان بنیاتنا کە بۆ ئەوە داڕێژراوە دەستڕاگەیشتنی بەردەوام بە ئاو لە هەردوو دۆخی ئاسایی و کتوپڕدا دەستەبەر بکات، لەوانە کۆگاکردن، سیستمی یەدەگ و تۆڕی بەیەکەوەبەستراو. لە کۆنفرانسی ئاودا، وڵاتانی ئەندام لە ڕێگەی دیالۆگ و بە گوێرەی رێوشوێنە دیاریکراوەکان، ئاڕاستەی گفتوگۆکان دیاری دەکەن. بەڵام بێگومان، لە پەیوەندییەکانماندا لەگەڵ هەموو وڵاتانی ئەندام، چاوەڕوانییەکە ئەوەیە کە چارەسەری بنیاتنەر و ڕێگاکانی پاراستنی دەستڕاگەیشتن بە ئاو و وزە بۆ هەمووان بدۆزینەوە.
