رووداو دیجیتال
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لەو ناوچانەی لوبنان، سووریا و کەرتی غەززە ناکشێتەوە کە بە "ناوچە ئەمنییەکان" ناوی بردوون و هۆشداریشی دا کە لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕ لە هەر بەرەیەکدا، سوپا ئامادەیە ئۆپەراسیۆنی زەوینی ئەنجام بدات و رووبەری زیاتر کۆنترۆڵ بکات.
کاتز لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوە کرد، سیاسەتی حکومەت کە لەلایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، زۆر روونە؛ سوپای ئیسرائیل کۆنترۆڵی ناوچە ئەمنییەکان لە لوبنان، سووریا و غەززە دەهێڵێتەوە و تێیاندا چالاکی دەکات بۆ پاراستنی کۆمەڵگە ئیسرائیلییەکان لە جەلیل، بەرزاییەکانی گۆلان و نگیڤ لەوەی کە بە "هێزە جیهادییەکان" وەسفی کرد.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی لە پێگەکانی ئێستای لەو ناوچانە ناکشێتەوە و هێزەکانی دووبارە بڵاوە پێناکاتەوە تاوەکو حەماس هەڵنەوەشێنرێتەوە و غەززە چەک دانەماڵرێت، حیزبوڵڵا لە سەرتاسەری لوبنان چەک نەکرێت، هەروەها "سەرجەم هەڕەشە جیهادییەکان لە سووریا لەنەبرێن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کاتز گوتی، ئەگەر زیادبوونی گرژی لە بەرەکاندا رووبدات، سوپای ئیسرائیل ئامادەیە هێرشی زەوینی بکات، ناوچەی زیاتر کۆنترۆڵ بکات، دانیشتووانەکەی چۆڵ بکات و ژێرخانی چەکداران لەو ناوچانەدا وێران بکات؛ ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ناوچە نوێیانە دەبنە بەشێک لە ناوچە ئەمنییە هەمیشەییەکانی ئیسرائیل لە باکوور و باشوور.
تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ئەویش بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی و ئاسمانی وەڵامیدایەوە، تشرینی یەکەمی پار هەردوولا ئاگربەستیان کرد، بەڵام هێشتا زیاتر لە نیوەی کەرتی غەززە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیلە.
هەمان کاتی دەستپێکی جەنگەکە، حیزبوڵـڵا وەکو پاڵپشتییەک بۆ حەماس بە مووشەک هێرشیکردە سەر باکووری ئیسرائیل، دواتر تەلئەڤیڤ بە هەمان رێکاری دژی حەماس وەڵامیدایەوە و هێشتاش دەیان کیلۆمەتری باشووری لوبنان لەژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیل دان.
کانوونی یەکەمی 2024، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەیان رووخاند. هەر ئەو کات، سوپای ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی گۆلانەوە پێشڕەوی زیاتری بە ئاڕاستەی قوڵایی خاکی سووریا کرد. بەرپرسانی تەلئەڤیڤ ئەمە بۆ پاراستنی درووزەکانی سووریا و هاوولاتییانیان لە باکووری وڵاتەکەیان ناو دەبەن.