رووداو دیجیتاڵ
چەند کاژێرێک دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی کردە سەر دوورگەی قیشمی ئێران لە تەنگەی هورمز، هاوپەیمانەکانی واشنتن لە کەنداو لە ئامادەییدا مانەوە و کوێت رایگەیاند، بەرپەرچی "هێرشی درۆنی دووژمنکارانە" دەداتەوە.
رۆژی چوارشەممە 18-11-2026، بەحرێنیش رایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بەرگرییە ئاسمانییەکانیان رێگرییان لە هێرشەکانی ئێران کردووە؛ ئەمەش رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بنکەیەکیان لەو وڵاتە کردووەتە ئامانج کە لەلایەن واشنتنەوە بەکاردەهێندرێت.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، ئەمریکا و ئێران لەسەر رێڕۆ ئاوییە ستراتیژییەکەی تەنگەی هورمز، کە شادەماری گواستنەوەی وزەی جیهانە، لە ململانێیەکی توونددا ماونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی جەنگەکە کە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵدا بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، جۆرێک لە هێوربوونەوەی بەخۆیەوە بینیبوو.
ململانێکان پەڕیونەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کەنداو کە میوانداریی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن، دوای ئەوەی تاران هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی چڕتر کردوونەتەوە.
سوپای کوێت رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان "وەڵامی هەڕەشەی درۆنە دووژمنکارانەکان دەدەنەوە" و داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن.
میدیای ئێران لە زاری بەرپرسێکی ناوچەکەوە بڵاویکردبووەوە، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر دوورگەی قیشم بەبێ ئەوەی زیانێکی گەورەی لێبکەوێتەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی رایگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە تەقەمەنیی وردپێکێن هێرشیان کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی مووشەکی سوپای پاسداران لە دوورگەی قیشم." ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکە وەڵامێک بووە بۆ "دەستدرێژییەکانی ئێران کە کارمەند و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردبووە ئامانج."
واشنتن و تاران لەسەر کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز لە کێبڕکێدان؛ سوپای ئەمریکا کار بۆ پاراستنی ئەو کەشتییانە دەکات کە بەو رێڕۆ ئاوییەدا تێدەپەڕن، لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئێران بۆ داخستنی تەنگەکە.
پیلانە بانگەشەبۆکراوەکەی ئێران و هەڕەشەکانی ترەمپ
سەرەڕای ئەوەی واشنتن و تاران خۆیان لە دەستپێکردنەوەی تەواوەتیی جەنگ بەدوور گرتووە، بەڵام گرژییەکان لە ئاستێکی بەرزدان.
رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، زۆر بە جیدی مامەڵە لەگەڵ ئەو راپۆرتانەدا دەکات کە باس لەوە دەکەن ئێران پلانی بەکارهێنانی (بۆمبی تیشکدەر) لە واشنتن دادەنێت.
پێشتر کەناڵی (CNN) لە زاری حەوت بەرپرسی ئەمریکییەوە بڵاویکردبووەوە، "ئێران پیلان دادەنێت بۆ بەئامانجکردنی بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا لە رێگەی بۆمبێکەوە کە ماددەی کیمیایی یان تیشکدەری تێدا بێت،" هەرچەندە بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە نەکردبوو کە ئێران بڕیاری جێبەجێکردنی هێرشێکی لەو شێوەیەی دابێت.
ترەمپ لە فلیپینەوە گوتی: "ئەگەر هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە هەبێت، باجێکی وا دەدەن کە هیچ وڵاتێکی دیکە پێشتر نەیدابێت. هیوادارم راست نەبێت، بەڵام زۆر بە جیدی وەریدەگرین چونکە ئەوان شێتن."
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو راپۆرتەی رەتکردەوە و بە "پڕوپاگەندەی هاوشێوەی جەنگی عێراق" باسی کرد.
رۆژی سێشەممە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە پایتەختی بەحرێن بیسترا و لە رێگەی مۆبایلەوە ئاگادارکردنەوە بۆ دانیشتووان نێردرا تاوەکو خۆیان بپارێزن.
هێزە چەکدارەکانی بەحرێن رایانگەیاند، بەرپەرچی "ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ناپاکانەی ئێرانیان داوەتەوە و تێکیان شکاندوون پێش ئەوەی ئامانجەکانیان بپێکن"، لە کاتێکدا سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سیستمێکی راداریان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەبرێت.
میدیای نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە: "درۆنە جەنگییەکانی سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکی وردیان کرد و سیستمێکی راداری هێزەکانی ئەمریکایان لە بنکەی ئاسمانیی شێخ عیسا لە بەحرێن پێکا." سوپای پاسداران هێرشەکەی بە وەڵامێک بۆ "پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئاسمانی ئێران لەلایەن درۆنە سەربازییەکانی ئەمریکاوە" باسکرد و بانگەشەی ئەوەشی کرد، درۆنێکی ئەمریکییان لە باشووری دوورگەی قیشم خستووەتە خوارەوە و دەستیان بەسەردا گرتووە.
بەحرێن کە میوانداریی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا دەکات، لە سەرەتای جەنگەکەدا بە تووندی کرایە ئامانج، بەڵام بۆ چەندین هەفتە هێرشی نەکرابووە سەر تاوەکو هێرشە درۆنییەکانی ئێران لە رۆژانی هەینی و یەکشەممەی رابردوودا.
ترس و دڵەڕاوکێی دانیشتووان و جووڵەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا
عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، فەرمانبەرێکی بەحرێنیی تەمەن چل ساڵان رۆژی سێشەممە گوتی: "لە رێگە بووم بەرەو سەر کار کاتێک زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا. لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان ترس و دڵەڕاوکێ زیاتر دەبێت، هیوادارین دۆخەکە بگەڕێتەوە سەر شێوەی جارانی."
ئەم گرژییانە لە کاتێکدان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری تیۆدۆر روزڤێڵتیی رەوانەی ناوچەکە کردووە، بەمەش ژمارەی گرووپە فڕۆکەهەڵگرە هێرشکارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا گەیشتە سێ کەشتی؛ ئەمەش دەچێتە سەر ئەو هێزە دەریاییە گەورەیەی ئەمریکا کە پێشتر هەردوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جۆرج دەبلیو ئێیچ بوش و جۆرج واشنتن و زیاتر لە 12 کەشتیی تێکشکێنەری لەخۆگرتبوو.
دەستپێکردنەوەی هێرشە درۆنییەکانی ئێران هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی لووتکە سێقۆڵییە مێژووییەکەی ئەم هەفتەیە لە شاری شێنجنی چین لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، شی جینپینگ و ڤلادیمیر پووتین، کە بەگوتەی چین بۆ تاوتوێکردنی "ئاشتیی جیهانی" کۆدەبنەوە و ترەمپیش رایگەیاندووە بەنیازە پرسی جەنگی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا بخاتە بەرباس.

