رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئێران رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە رێگەی درۆنی جەنگی و بۆمبڕێژکراوەوە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی هێزەکانی ئەمریکایان لە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوێت کردووەتە ئامانج.
رۆژی چوارشەممە 18-11-2026، تەلەڤزیۆنی ئێران راگەیێندراوێکی سوپای وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "بەیانیی ئەمڕۆ درۆنە جەنگی و بۆمبڕێژکراوەکانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و سەکۆکانی هەڵدانی درۆن و مووشەکی سەر بە سوپای ئەمریکایان لە بنکەی ئاسمانیی عەلی سالم لە کوێت کردە ئامانج."
پێش راگەیێندراوەکە، سوپای کوێت رایگەیاند، هێزەکانیان بەرپەرچی "هێرشی درۆنی دووژمنکارانە" دەدەنەوە و داوایان لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن.
سوپای کوێت لە ئێکس بڵاویکردەوە: "هەر دەنگێکی تەقینەوە کە دەبیسترێت، ئەنجامی تێکشکاندنی هێرشە دووژمنکارانەکانە لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە."
لە لایەکی دیکەوە، سوپای بەحرێن رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان رێگرییان لە ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ئێران کردووە؛ ئەمەش تەنیا رۆژێک دوای ئەوە دێت کە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو بنکەیەکی سەربازییان لەو وڵاتە کردووەتە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی بەحرێن لە زاری فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی بەرگریی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی "ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی ناپاکانەی ئێرانیان داوەتەوە"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی هێرشەکان بخاتەڕوو.



.jpg&w=3840&q=75)