رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی سەربازیی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یوو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزڤێڵت لە ماوەی 24 کاژێری داهاتوودا دەگاتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەیوەندی بە دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری دیکەی ئەمریکاوە دەکات لە ناوچەکەدا، بەمەش ژمارەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی واشنتن دەبێتە سێ کەشتی.
گەیشتنی ئەم کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە لە کاتێکدایە کە ئێران رۆژی یەکشەممە بۆ دووەم جار لە ماوەی سێ رۆژدا هێرشی درۆنی کردە سەر بەحرێن، ئەمەش کۆتایی بە ئارامییەکی نزیکەی دوو مانگی هێنا، هاوکات لەگەڵ ئەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ واشنتن گەیشتوونەتە بنبەست.
پێشتریش رۆژی هەینی هێزەکانی ئەمریکا دوو درۆنی ئێرانییان لە ئاسمانی ناوچەکە تێکشکاند کە بەرەو خاکی بەحرێن دەفڕین.
تاوەکو ئێستا نە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) و نە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی لێدوانیان لەسەر خشتەی جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری سێیەم نەداوە.
ئەم جووڵە سەربازییە لە کاتێکدایە کە رەوتی دیپلۆماسی بە تەواوی پەکیکەوتووە؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەم دواییانەدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی لە دۆسیەی دانوستاندن لەگەڵ تاران دوورخستەوە و رایگەیاند، واشنتن چیدیکە پێویستی بە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نییە.
سەرەڕای رەوانەکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری نوێ، سوپای ئەمریکا پێشتر راپۆرتەکانی میدیای ئیسرائیلی رەت کردبوونەوە کە باسیان لە خۆئامادەکردنی واشنتن بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دەکرد و ئەو هەواڵانەی بە "تەنیا پێشبینی و دەنگۆ" دانابوو.


