رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی ئوردن سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ کەسدا سەپاند کە تۆمەتبار بوون بە هێرشێکی چەکداری بۆ سەر کەنیسەیەک؛ هاوکات وەک هاوسۆزییەک بۆ کەسوکاری قوربانییەکان، سەرجەم ئاهەنگەکانی کریسمس لەو وڵاتە هەڵوەشێندرانەوە.
لە 23ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر پرسەیەک لە کەنیسەیەکی ئۆرسۆدۆکسی یۆنانی لە گوندی حەموود لە پارێزگای کەرەک لە باشووری ئوردن و بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و 25ـی دیکەش بریندار بوون.
دەسەڵاتدارانی ئوردن رایانگەیاندبوو، هێرشکارەکان سێ پیاو بوون کە دووانیان بران و ئەوی دیکەشیان خزمیانە؛ دوای هێرشەکە هەڵاتبوون و دوای سێ رۆژ دەستگیرکران. دەسەڵاتداران ئەوانیان بە شوێنکەوتووی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی تووندڕۆ لە قەڵەم داوە.
رۆژی یەکشەممە 15-11-2026، سوپای ئوردن لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دادگەی ئاسایشی دەوڵەت بڕیاری خۆی دەرکرد و سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەو سێ تاوانبارەدا سەپاند کە هێرشە تیرۆریستییەکەیان بۆ سەر کەنسیەکە کردبوو."
دادگەکە ئەو سێ کەسەی بە تۆمەتەکانی "هێرشی تیرۆریستی" کە بووەتە هۆی کوشتن، تاوانی پەیوەندیدار بە چەک، "پیلانگێڕی بۆ کردەوەی تیرۆریستی" و "بانگەشەکردن بۆ بیروباوەڕی رێکخراوێکی تیرۆریستی" تاوانبار کردووە.
تۆمەتبارەکان لە زیندانەوە و لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەشدارییان لە دانیشتنە داخراوەکەی دادگەدا کرد، لە کاتێکدا رێوشوێنی ئەمنیی تووند لە دەوروبەری باڵەخانەی دادگە گیرابووەبەر.
هێرشەکە شۆکێکی گەورەی لە ئوردن دروستکرد کە وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە و کریستیانەکان نزیکەی 3٪ـی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن.
رۆژی یەکشەممە، ئەنجوومەنی کەنیسەکانی ئوردن "هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاهەنگەکانی کریسمس"ـی وەک رێزێک بۆ ماتەمینیی هێرشەکە راگەیاند و داوای لە کەنیسەکان کرد درەختەکانی کریسمس بکەنە "هێمای هیوا، یەکڕیزی و ئاشتی" و "مۆم بۆ یادی گیانی شەهیدان داگیرسێنن."
عامر هەلاسە، پارێزەری کەسوکاری قوربانییەکان رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگە "رەنگدانەوەی قەبارەی کارەساتەکە و ئەو تاوانە تیرۆریستییەیە کە روویدا." بەگوتەی پارێزەرەکە، دادگەکە سزای شەش ساڵ زیندانیکردنیشی بەسەر دوو کەسی دیکەدا سەپاندووە بە تۆمەتی فرۆشتنی چەک بە هێرشکارەکان.
وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە، ئوردن چەند هێرشێکی کردە سەر "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" لە نێو خاکی سووریا و رایگەیاند، زیاتر لە 20 چەکداری تووندڕۆی کوشتووە.
پێشتریش لە ساڵی 2016، پارێزگای کەرەک رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرش بووەوە کە زۆربەیان خرانە ئەستۆی رێکخراوی داعش و خوێناویترینیان بنکەیەکی ئەمنی و مەفرەزەکانی پۆلیسی کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی 10 کەس.


