رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشێکی مووشەکیی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر بازگەیەک لە نزیک شاری عەدەنی پایتەختی کاتیی حکومەتی یەمەن، پێنج کەس کوژران و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون؛ هاوکات حووسییەکان 600 چەکداری سەر بە حکومەتیان ئازاد کرد.
رۆژی یەکشەممە 15-11-2026، سێ سەرچاوەی سەربازی و سەرچاوەیەکی حکومیی یەمەن کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت رایانگەیاند، هێرشەکە بازگەیەکی لە ناوچەی خۆر عومەیرە لە پارێزگای لەحج کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج کەس کوژراون و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە رۆژی هەینی سێ بەرپرسی سەربازی بە فرانس پرێسیان گوتبوو، حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن خەریکی قایمکردنی سەنگەرەکانییەتی لە دەوروبەری پارێزگای عەدەن کە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای لەحج.
بەگوتەی ئەو بەرپرسانە، حووسییەکانی نزیک لە ئێران کە لە مانگی تەممووزەوە جەنگەکەیان لەگەڵ حکومەتی پاڵپشتیکراو لەلایەن سعودیەوە هەڵگیرساوەتەوە، بەرەو عەدەن پێشڕەوییان کردووە و دەستیان بەسەر چەند گردێکدا گرتووە کە دەڕوانن بەسەر پارێزگاکەدا.
لەلایەکی دیکەوە و هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (ICRC) رایگەیاند، حووسییەکانی یەمەن 600 چەکداری سەر بە حکومەتیان ئازاد کردووە.


