رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی چەند سەرچاوەیەک، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا بە راوێژکارە باڵاکانی راگەیاندووە، ئەگەر ئەمریکا رووبەڕووی هیچ دنەدان و هەنگاوێکی نوێی تاران یان حووسییەکانی یەمەن نەبێتەوە، رەنگە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران رابگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "گوشارە ئابوورییەکان ئەوەندە ئێرانیان لاواز کردووە کە چیتر پێویست بە کردەی سەربازیی زیاتر ناکات."
رۆژی شەممە 14-11-2026 ئاژانسی هەواڵیی (رۆیتەرز) لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ترەمپ لە نێوان هەڕەشەی فراوانکردنی جەنگ بە هێرشی نوێ و هێورکردنەوەی گرژییەکاندایە.
بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، "تاوەکو ئێستا دیار نییە ترەمپ لەبارەی چۆنیەتی کۆتاییهێنان بەو جەنگە نەخوازراوەی کە لە مانگی شوباتی ئەم ساڵدا لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئێران هەڵیگیرساند، بڕیاری کۆتایی دابێت."
بەگوتەی سەرچاوەکان، ترەمپ لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی و دوای وەرگرتنی زنجیرەیەک زانیاریی هەواڵگری، باسی لەوە کردووە، بیر لە "راگرتنی هێرشەکان دەکاتەوە" و هاوسۆزییشی بۆ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە نیشانداوە کە داوایان لێکردووە نەگەڕێتەوە بۆ جەنگێکی سەرانسەری.
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە 12-11-2026، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای وڵاتەکەی گوتی: "دەمتوانی دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنم، بەڵام لەسەر داوای ئەو وڵاتانەی کە دەمەوێت بیانپارێزم، بە رێگەیەکی کەمێک درێژتر و شارستانییانەتر [کارەکە] دەیکەین."
ترەمپ هەمان رۆژ لە ترووس سۆشیاڵ نووسیبووی: "لەگەڵ ئێران پێویستیمان بە رێککەوتن نییە؛ ئێمە پارەکانی ئەوانمان لایە کە سەدان ملیار دۆلارە و تەنگەکەشمان [تەنگەی هورمز] لەژێر دەستدایە."
بەرپرسێکی کۆشکی سپی رایگەیاند: "وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرۆک ترەمپ تاکە بڕیاردەرە کە هەموو کارتەکانی بەدەستەوەیە و هەمیشە دڵنیایی دەدات لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. ئەمریکا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە بە کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز و داڕمانی ئابووریی ئێران؛ تەنیا سەرۆک ترەمپ دەزانێت چی دەکات و کەی دەیکات."
کاریگەریی جەنگ لەسەر هەڵبژاردن و لێدوانەکانی روبیۆ
جەنگی ئێران بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا و ناڕەزایی لای دەنگدەرانی ئەمریکا دروستکردووە، بەجۆرێک لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسدا لە 3ـی تشرینی دووەم، دەنگدەران کۆنترۆڵی کۆنگرێسیان دایە دەست دیموکراتەکان.
لە راپرسییەکی هاوبەشی (رۆیتەرز/ئیپسۆس)ـدا کە کەمێک پێش هەڵبژاردنەکە کرابوو، 55٪ـی ئەمریکییەکان گوتبوویان ئەم جەنگە شایەنی ئەو تێچووە نییە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکیش جەنگەکەی بە هۆکاری لەدەستدانی کۆنگرێس لەلایەن کۆمارییەکانەوە باسکرد.
رۆژی هەینی 13-11-2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە کۆنگرەی نیشتمانیی پارێزەرانی کۆمەڵەی فیدراڵیست لە واشنتن، پشتیوانیی لە گوتەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی ترەمپ کرد کە گوتبووی جەنگەکە "لە رووی سەربازییەوە بە کردەیی کۆتایی هاتووە".
روبیۆ گوتی: "لە راستیدا ئێستا ئەو ئازارە ئابوورییەی ئێمە بەسەر ئەو رژێمەدا دەیسەپێنین ئەوەندە گەورەیە کە هیچ پێویستییەک بە کردەی سەربازی نییە، چونکە زۆر لاوازمان کردوون؛ بەڵام پێموایە سەرکەوتن بریتییە لە دڵنیابوون لەوەی کە هەرگیز چەکی ئەتۆمییان نەبێت."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دانی بەو ئازارە ئابوورییەشدا نا کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاریگەرییەکان لەسەر کەرتەکانی ئابووری رووبەڕووی هاووڵاتییانی ئەمریکا بووەتەوە.
روبیۆ گوتی، "بۆ سەرۆک ترەمپ زۆر ئاسان بوو مەترسیی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پشتگوێ بخات و جەنگێکی نەخوازراو نەکات و بۆ سەرۆکی داهاتووی جێبهێڵێت، بەڵام بڕیاریدا چارەسەری بکات" و گوتیشی: "ئەمە کارێکی سەختە و زۆرجار ئازاری ئابووری و شتی دیکەی لێدەکەوێتەوە، ئێمەش هەست بەوە دەکەین."
گوشارەکانی سعودیە، تورکیا و ئیسرائیل
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا و چەند سەرچاوەیەکی دیکە، ترەمپ لە دوو هەفتەی رابردوودا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و بۆچوونی ئەوانی وەرگرتووە؛ هەردوو سەرکردەکە "داوایان لێکردووە هێرشەکانی سەر ئێران دەستپێنەکاتەوە، بەڵام ترەمپ هیچ بەڵێنێکی بە هیچ لایەک نەداوە."
سەرچاوەکان گوتوویانە، "ترەمپ لە 31ـی تشرینی یەکەم بە محەممەد بن سەلمانی گوتبوو، پلانی هەیە دوای هەڵبژاردن هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام شازادەی جێنشینی سعودیە داوای لێکردووە رایبگرێت و پێیگوتووە سزا ئابوورییەکان کاریگەریی خۆیان هەیە."
هێشتا هیچ لایەنێکی فەرمیی سعودیە ئەو باسوخواسەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
بەپێی سەرۆکایەتیی تورکیا، ترەمپ لە 28ـی تشرینی یەکەمەوە سێ جار قسەی لەگەڵ ئەردۆغان کردووە و لە راگەیێندراوی پەیوەندییەکەی 7ـی تشرینی دووەمدا باس لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کراوە.
گەمارۆ، کۆگەی چەک و جووڵەی کەشتیگەلە سەربازییەکان
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، گەمارۆ دەریاییەکەی واشنتن و سزا ئابوورییەکان زیانی گەورەیان بە ئابووریی ئێران گەیاندووە و لە گوشارخستنە سەر تاران بەردەوام دەبن. جگە لە گەمارۆ دەریاییەکە کە چەند مانگێکە بەردەوامە، سوپای ئەمریکا هەوڵدەدات رێگری لە گەیشتنی چەک و مادە سزادراوەکان بۆ نێو ئێران لە رێگەی وشکانی و دەریای قەزوینیشەوە بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، سوپای ئەمریکا بۆ هەر ئەگەرێکی هەڵکشانی گرژییەکان، ئامادەیە. بە جۆرێک، لە چەند رۆژی داهاتوودا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری سێیەم دەگاتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئەوەی جێگەی یەکێک لەو دوو کەشتییە بگرێتەوە کە ئێستا لە ناوچەکەن، بەڵام ئەگەر پێویست بکات هەر سێ کەشتیگەلەکە لە ناوچەکە دەمێننەوە.
یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم ترەمپ بۆردوومانکردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەوینییەکانی ئێرانە، هەرچەندە پێشتر ئەمریکا ئەو دامەزراوانەی کردووەتە ئامانج و روون نییە هێرشی دیکە سەرکەوتوو دەبێت یان نا.
دوو سەرچاوەی ئاگادار گوتوویانە، لەسەر دابەزینی کۆگای هەندێک جۆری چەکی ئەمریکا بۆ ئاستێک کە جێی نیگەرانییە، زانیاری دراوەتە ترەمپ.
لە مانگی ئابدا رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمریکا "بە نزیکەیی هەموو" مووشەکە دوورمەودا وردپێکێنەکانی بەکارهێناوە و پڕنەکراونەتەوە؛ بەڵام بەرپرسەکەی کۆشکی سپی ئەوەی رەتکردەوە و گوتی: "سوپای ئەمریکا تەقەمەنی و چەکی پێویستی هەیە بۆ بەدیهێنانی هەموو ئامانجە ستراتیژییەکانی فەرماندەی گشتی و زیاتریش."

-Getty-Images_CNT-UK_Sophie-Knight.webp&w=3840&q=75)

