رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەرەبی رایدەگەیێنێت، دوو مووشەکی
بالیستیی حووسییەکانیان بەرلە گەیشتنیان بە ریاز تێکشکاندووە.
رۆژی یەکشەممە، هاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتیی
سعودیە رایگەیاند، دوو مووشەکی بالیستییان تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە بۆ
ریازی پایتەختی سعودیە هاوێژرابوو، هاوکات سێ درۆنیشیان لە ناوچەی رۆژهەڵات خستووەتە
خوارەوە کە شوێنێکی دەوڵەمەندە بە نەوت.
لە چەند رۆژی رابردوودا حووسییەکان، کە کۆنترۆڵی
زۆربەی ناوچە قەرەباڵخەکانی یەمەنیان کردووە، هێرشەکانیان بۆ سەر پایتەختی سعودیە
چڕکردووەتەوە.
هەفتەی رابردووش لە هێرشێکی حووسییەکاندا زیان
بە باڵەخانەیەکی کارگێڕیی سەر بە کۆمپانیای نەوتی حکومیی سعودیە (ئارامکۆ) لە ناوەندی
دارایی ریاز گەیشت.
ئەو ناوچەیە زۆرینەی یەدەگی نەوت و غازی سعودیەی
تێدایە، هەروەها بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای ئارامکۆشی لێیە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی
رابردوودا بەهۆی هێرشێکەوە زیانی گەورەی بەرکەوت.


.webp&w=3840&q=75)
