رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لە قۆناخی دووەمی وەڵامدانەوەی "دەستدرێژییەکانی سوپای ئەمریکا"، بە 6 درۆن راداری سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکای لە بنکەی هێلیکۆپتەریی ریفاع لە بەحرێن کردووەتە ئامانج.
لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی بەحرێن زەنگی ئاگادارکردنەوەیان لێدا و داوایان لە هاووڵاتییان کرد پەناگە بدۆزنەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە دووەمین قۆناخی وەڵامی یەکلاکەرەوە و تێکشکێنەر بۆ دەستدرێژیی ئاشکرای سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، راداری بنکەی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە بنکەی هێلیکۆپتەریی ریفاع لە بەحرێن، بە 6 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزی هەوافەزای سوپای پاسداران کرایە ئامانج."
دەشڵێت، دەنگی پێکانی ورد و سەرکەوتووی درۆنەکان لە ناوچە جیاوازەکانی بەحرێن بیستراوە و گوتیشی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە پڕۆگرامی بەناو پاراستن و لە راستییدا قاچاخچێتیی نەوت لە تەنگەی هورمز رووبەڕووی شکستی تەواوەتی بووەتەوە، ئێستا هەوڵدەدات بە هەنگاوی بچووک و کوێرانە، سەرنجی جیهان لە راستیی داخراوبوونی ئەم شاڕێیە گرنگە بەلاڕێدا بەرێت."
سوپای پاسداران: تەنگەی هورمز داخراوە
سوپای پاسدارانی ئێران لە درێژەی راگەیێندراوەکەیدا جەختی لەسەر بەردەوامیی داخرانی تەنگەی هورمز کردەوە و هۆشداریی دا: "ئەفسەرانی دەستەبژێر و گەنجی سوپای پاسداران جارێکی دیکە بە دەنگێکی بەرز رایدەگەیێنن کە تەنگەی هورمز داخراوە، و هەر جۆرە دەستدرێژییەکی دوژمنی ئەمریکی بە وەڵامێکی زۆر تووندتر و تێکشکێنەرتر بەرپەرچ دەدرێتەوە."
راگەیێندراوەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە "درۆنە گرانبەهاکانی ئەمریکا یەک لەدوای یەک دەخرێنە خوارەوە و، ژمارەیەکی زیاتریش لە درۆنەکانی سوپای پاسداران لەم قۆناخەدا بەراورد بە قۆناخی پێشوو ئاراستەی ئامانجە ئەمریکییەکان کراون، تاوەکو دووژمن بزانێت هەر دەستدرێژییەک وەڵامێکی تووند و ئەژمارکراوی بەدوادا دێت."
لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بەحرێن
بەر لە روودانی هێرشەکان، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری بەحرێن لێیدا ،و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە داوایان لە دانیشتووان کرد پەناگە بدۆزنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی هەڕەشەکان، داوای لە هاووڵاتییان کرد "هێمن بن، بەرەو نزیکترین شوێنی پارێزراو بڕۆن و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گشتیدا، لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە چاودێریی هەواڵەکان بکەن."
شانشینی بەحرێن، کە میوانداریی بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکا دەکات لە ناوچەکەدا، پێشتریش لە میانی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەندین جار بنکە سەربازییەکانی کرابوونە ئامانجی مووشەک و درۆنەکانی ئێران.
.webp&w=3840&q=75)


