رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل جارێکی دیکە داوای پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانیی لەگەڵ گادی ئایزنکۆتی رکابەری کرد و بەڵێنی دا هەڕەشەکانی ئێران بۆ هەمیشە لەنێوببات.
رۆژی شەممە 14-11-2026، نەتەنیاهوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ ئایزنکۆت "تەنیا ئەو باوەڕەی بەهێزتر کرد کە پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل پێویستییەکی نەگۆڕە"، ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتێکی لەو شێوەیە دەتوانێت "هەڕەشەی ئێران بۆ هەمیشە لەنێوببات."
نەتەنیاهوو باسی لەوە کرد، ئەو حکومەتە لەو پارتانە پێکدێت کە دان بە ئیسرائیلدا دەنێن "وەک دەوڵەتێک بۆ گەلی جوو."
سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل گوتیشی، حکومەتەکە رووبەڕووی ئاستەنگە ئەمنییەکان دەبێتەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئێران کە وەک ئەو بانگەشەی کرد، "لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێمە دوودڵ نابێت."
دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردوو، گادی ئایزنکۆت بە پشتیوانیی 67 پەرلەمانتار، رۆژی یەکشەممەی رابردوو راسپێردرا بۆ ئەوەی لە ماوەی 28 رۆژدا حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەکە بۆ 14 رۆژی دیکە.
پێشبینی دەکرێت دانوستاندنەکان سەخت بن، بەتایبەت کە نەتەنیاهوو هەڵمەتێکی دژی پارتە عەرەبە ئیسرائیلییەکان دەستپێکردووە کە لە هەڵبژاردنەکەدا ژمارەیەکی پێوانەیی کورسییان بەدەستهێنا.
حکومەتە یەکگرتووە پێشنیازکراوەکەی نەتەنیاهوو لە پارتە سەرەکییە جووەکان لە نێوەندەوە تاوەکو راستڕۆکان پێکدێت و پارتە عەرەبەکان دووردەخاتەوە.
ئایزنکۆت ئاماژەی بەوە کردووە، ئامادەیە لەگەڵ ئەندامانی پارتی لیکوودی نەتەنیاهوو و هەروەها پارتی زایۆنیزمی ئایینیی بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی کاربەڕێکەر حکومەت پێکبهێنێت، بەو مەرجەی پابەندبوونیان بە یەکگرتووییەوە "راستگۆیانە" بێت.
بەڵام پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو لەگەڵ خودی نەتەنیاهوودا ئەگەرێکی لاوازە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئایزنکۆت رۆژی هەینی سەرکۆنەی هەڵمەتە "رەگەزپەرستییەکەی" نەتەنیاهووی دژی پارتە عەرەبەکان کرد.
