رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران داوا دەکات، وڵاتەکەی لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بێتە دەرەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "پێویستە بە ستراتیژیی بەرگریماندا بچینەوە".
رۆژی پێنجشەممە، 12-11-2026، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا داوا دەکات، وڵاتەکەی لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی ناسراو بە (NPT) بێتە دەرەوە.
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێراندا هاتووە: "هەڕەشە بەردەوامەکانی دوژمنی دەستدرێژیکار، بە تایبەتی هەڕەشە لە زانستی ئەتۆمیی وڵات، دەرخەری ئەوەیە کە ناتوانرێت هیچ هیوایەکمان بە دامەزراوە نێودەوڵەتییە بەرپرسەکان لەم بوارەدا هەبێت. بۆیە تاوتوێکردنی پرسی کشانەوە لە پەیماننامەی NPT و پێداچوونەوە بە ستراتیژیی بەرگریی وڵات، بۆ دروستکردنی توانای پێشپێگریی پێویست، بووەتە خواستێکی یەکلاکراوەی گشتی و نیشتمانی".
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران داوا لە بەرپرسانی وڵاتەکەی دەکات، بە سوودوەرگرتن لە رێنوێنییە "ژیرانەکان"ـی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران، گرنگی بە داواکارییەکە بدەن.
ئەنجوومەنەکە هۆشداریش دەدات، ئەگەر جارێکی دیکە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، "بێگومان رووبەڕووی وەڵامێکی خێرا و کاریگەر دەبێتەوە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی سنووری جوگرافی. دەزگای سیاسیی وڵاتیش پێویستە لەسەر هەمان رێچکە هەنگاو بنێت و زمانێک بەکاربهێنێت کە گوزارشت لە خۆڕاگری و بەرگریمان بکات. بە شێوەیەک کە پەیامی روون و یەکلاکەرەوەی ئێران بە هەمووان بگەیێنێت، بە تایبەتی دراوسێکان".
بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران؛ لە پاڵپشتییەوە تاوەکو دژایەتیی ئەمریکا:
بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لە ساڵی 1957ـەوە دەستیپێکردووە. لە سەرەتادا بە هاوکاری و پاڵپشتیی راستەوخۆی ئەمریکا لە چوارچێوەی پرۆژەی "ئەتۆم بۆ ئاشتی"ـدا دەستبەکار بوو، دواتر ساڵی 1967 هەر بە هاوکاریی ئەمریکا، یەکەم ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی لە زانکۆی تاران دامەزرا.
ئێران لە ساڵی 1968ـدا پەیماننامەی قەدەخەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی واژۆ کردووە، بەڵام بە هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی 1979 و رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی، پەیوەندیی نێوان واشنتن و تاران تێکچوو و ململانێکان بە تایبەتی لەسەر پرسی ئەتۆمی دەستیپێکرد.
هەرچەندە لە ساڵی 2010ـەوە عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران فەتوای "حەرامبوون"ـی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەرکردووە، بەڵام ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی نیگەرانن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.
لە جەنگەکانی 40 رۆژە و 12 رۆژەدا، ئەمریکا و ئیسرائیل بە مەبەستی لەنێوبردنی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمە 60٪ پیتێنراوەکەی ئێران، چەندین بنکەی ئەتۆمیی وڵاتەکەیان بۆردومان کرد، بەڵام هێشتا چارەنووسی یۆرانیۆمەکە ناروونە.
لەم دواییەدا، سەرەڕای فەتواکەی خامنەیی، ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتەکە و لایەنگرانی حکومەت، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەروەها مەترسیی سەرهەڵدانەوەی جەنگ وەک بەڵگەیەک بۆ پێویستیی گۆڕینی ستراتیژیی بەرگریی وڵاتەکەیان و دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەهێننەوە.
یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران لە کوێیە؟
ئێستا گومان دەکرێت ئێران یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی لە چیای قوڵنگدا هەڵگرتبێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی چاودێریکردنی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران رایگەیاندووە: "لە رێگەی هێزی بۆشایی ئاسمانەوە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی مندا دروست کرا، دەتوانین باجەکانی سەر شانیان و ناویان بخوێنینەوە. رێک لێرەوە، دەتوانین هەموو شتێک ببینین. بۆ نموونە بە تەواوی دەزانین لە چیای قوڵنگ چی روو دەدات. ئێمە لە چیای قوڵنگمان نەدا، چونکە هیچ جووڵەیەک لەوێ نەبوو، بەڵام ئەگەر پێویست بکات لە 5 خولەکدا دەتوانین ئەو کارە بکەین."
ترەمپ لەبارەی ئەتۆمە پیتێنراوەکەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوان هیچ شتێکیان نییە، هەموو مادە ئەتۆمییەکەیان لەژێر هەزاران تۆن بەرددایە."
سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام بەرگری لە بڕیاری دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران دەکات و دەڵێت: "ئەگەر بگەڕێمەوە هەمان دۆخ دووبارەی دەکەمەوە، لە رووی مێژووییەوە ئەمە وەک یەکێک لە باشترین کارەکان تۆمار دەکرێت کە ئەنجاممان دابێت، چونکە ئەگەر رۆژێک لە رۆژان ببووانە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، تەواوی جیهانیان وێران دەکرد. دەزانن بۆچی؟ چونکە ئەوان شێتن."


.webp&w=3840&q=75)