رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، بەهۆی تەقینەوەی مین، دوو نەتهەڵگری دیکە لە تەنگەی هورمز ئاگریان گرتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کەشتییەکان پێکەوە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتیان بارکردبوو و سەرجەمی سووتا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026، پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوێنێ شەو، دوو نەوتهەڵگری دیکە لە تەنگەی هورمز بەر مین کەوتوون و هەردوو تەقیونەتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، نەوتهەڵگرەکان بە رێڕۆی ''نایاسایی'' باشووری تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون و سەرەڕای هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، درێژەیان بە رێگەی خۆیان داوە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەڵێت، کۆی نەوتی نێو هەردوو کەشتییەکان کە چوار ملیۆن بەرمیل بووە، بەهۆی تەقینەوەکە گڕی گرتووە و سووتاوە.
سوپای پاسداران هۆشداریش دەدات، هەر کەشتییەک بە رێنمایی سوپای ئەمریکا سیستمی رێدۆزیی خۆی بکوژێنێتەوە و بە رێڕۆی ''نایاسایی'' تەنگەی هورمز و ئاوەکانی کەنداودا تێپەڕیت، تووشی چارەنووسی هاوشێوەی ئەو دوو نەوتهەڵگرە دەبێت.''
تەقینەوەی کەشتییەکان لەکاتێکدایە، هەر دوێنێ هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە دوو راگەیێندراودا ئاماژەی بەوە کرد، مین بە سێ نەوتهەڵگردا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا هەر سێ گڕیان گرتووە و لەکارکەوتوون.
سەرەڕای ئەوەی سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە تەواوی تەنگەی هورمزی لە مینە دەریاییەکان پاککردووەتەوە، بەڵام ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات، ناوە ناوە کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان تووشی تەقینەوە دەبن و گڕ دەگرن.
لە 28ـی شوباتەوە کە جەنگی 40 رۆژە دەستیپێکرد، ئێران هاتووچۆی لە تەنگەی هورمز سنووردار کردووە. ئەوەش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی سووتەمەنی داناوە.
لە بەرامبەردا، ئەمریکاش گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و لە رێگەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپاکەیەوە (سێنتکۆم) یاوەریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەکات، بۆ تێپەڕین بە تەنگەی هورمزدا.
.webp&w=3840&q=75)

