رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەکی نوێدا، هێزە چەکدارەکانمان 10 هێندە تووندتر وەڵام دەدەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، ئەبولفەزڵ شکارچی، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای ئێران ئاماژەی بە هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ ئەگەری هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران کرد و رایگەیاند، گەل و هێزە چەکدارەکانی ئێران هیچ ترسێکیان لە هەڕەشەکانی ئەمریکا نییە و بەراورد بە جەنگەکانی پێشوو زۆر ئامادەترن و دەستیان پڕترە.
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کاردانەوە بۆ هەڕەشەکەی ترەمپ کە گوتوویەتی، "هێرشی نوێی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پێنج هێندە تووندتر دەبێت لە هێرشەکانی پێشوو"، رایگەیاند: "ئەگەر بانگەشەکەی سەرۆکی ئەمریکا ببێتە راستی و جێبەجێ بکرێت، بەدڵنیاییەوە تووندیی کاردانەوەی هێزە چەکدارەکانمان دە هێندە زیاتر دەبێت."
بە گوتەی ئەبولفەزڵ شکارچی، هێزە چەکدارەکانی ئێران سوودیان لە ئەزموونەکانی دوو جەنگی پێشوو لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل وەرگرتوووە و دەشڵێت: "کەموکوڕی و کەلێنە ئەگەرییەکانیش بە خێرایی چارەسەر کراون و پرۆسەی پێشکەوتن و بەرزکردنەوەی توانا بەرگرییەکانی وڵات بەردەوامە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران باسی ئامادەیی هێزەکانیان لەڕووی چەک و تەقەمەنی دەکات و دەڵێت: "دۆخی ئەمڕۆی هێزە چەکدارەکان بەراورد بە پێش دەستپێکردنی جەنگ باشتر بووە و بەرهەمهێنانی کەرەستە و چەکە ستراتیژییەکانی وڵات لە ماوەی جەنگیشدا هەرگیز نەوەستاوە."
ئەبولفەزڵ شکارچی گوتی: "ئەگەر دووژمن نیازی دەستدرێژی و پەلاماردانی دووبارەی ئێرانی هەبێت، سەرجەم داراییە مادی و نامادییەکانی دووژمن کە خراونەتە ناو بانکی ئامانجەکانەوە، دەکەونە بەر گورزی تووندترین هێرشی هێزەکانمان؛ بە شێوەیەک کە سەرسوڕمانی هەموو جیهانیان لێبکەوێتەوە."
بە گوتەی شکارچی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی 47 ساڵی رابردوودا سەلماندوویەتی کە دەستدرێژیکار نەبووە و نابێت؛ بەڵام لە بەرامبەر هەر جۆرە دەستدرێژییەکدا نەک تەنیا بەرگرییەکی سەرسەختانەی هەیە، بەڵکو هێرشکارێکی بەهێزە.
لە 10ی تشرینی دوومی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاى وڵاتەکەى رایگەیاند، لەسەر داوای وڵاتانی کەنداو بڕیاری داوە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران رابگرێ و دەرفەت بە رێککەوتن بدات؛ هاوکات هۆشداریشی دایە تاران لەوەى ئەگەر هێرشی سەربازی بکەنەوە، ئەوا "پێنج هێندە گەورەتر دەبێت لە هێرشەکەی پێشوو.

