رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو کەشتیی گواستنەوەی نەوت دوای ئەوەی لە تەنگەی هورمز بەر مینە دەریاییەکان کەوتوون، ئاگریان گرتووە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، ئەو دوو کەشتییە لە کاتێکدا هەوڵیان داوە بە رێڕەوی بێ مۆڵەتدا تێپەڕن، بەر مینە دەریاییەکان کەوتوون و بەهۆیەوە ئاگری بەتین لە هەردووکیاندا بەربووە؛ یەکێکیان لە بەشی رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز و ئەوەی دیکەیشیان لە نێو خودی تەنگەکەدا بووە.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە: "هەردوو کەشتییەکە چەندین سەرپێچیی رێنماییەکانیان کردووە، لەوانەش کوژاندنەوەی سیستەمی کەشتیوانی و دیاریکردنی شوێن، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە بە رێڕەوی رێپێنەدراودا." هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا ناوی کەشتییەکان یان ناسنامە و وڵاتی خاوەندارێتییان ئاشکرا نەکراوە.
لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتدا، تاران هاتووچۆی لە رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکە بە تووندی سنووردار کردووە و پێداگری دەکات کە دەبێت سەرجەم کەشتییەکان تەنیا ئەو رێڕەوانە بەکاربهێنن کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە رێگەیان پێدراوە.
لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە و هاوکاریی کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت دەکات بۆ تێپەڕین بە تەنگەکەدا، کە بە شێوەیەکی ئاسایی نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
ئەم راگەیاندنەی تاران لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە مانگی رابردوودا رایگەیاندبوو هاوکاریی وڵاتانی کەنداوی کردووە بۆ هەناردەکردنی 1.5 ملیار بەرمیل نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە لە وەرزی هاوینەوە و دووپاتیشیکردبووەوە کە تەواوی تەنگەکە لە مینە دەریاییەکان پاککراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ئیرنا درەنگانی رۆژی شەممە بڵاویکردەوە دەنگی تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکی باشووری ئێران بیستراوە. ئاژانسەکە لە کەناڵی تێلیگرامی خۆی ئاماژەی بەوە کردبوو: "دەنگی هاوشێوەی تەقینەوە لە قشم، سیریک، جاسک و بەندەر عەباس بیستراوە و هۆکارەکەی تا ئێستا نەزانراوە."
بەرپرسانی ئێرانیش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هێرشێک لە شاری بەندەریی جاسک روویداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین هێرشی سنوورداریان لە ناوچەکەدا ئەنجامداوە.


.jpg&w=3840&q=75)
