رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هۆشداری دا لە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لە وڵاتەکەی بە پشتبەستن بە پارتە عەرەبییەکان و پرۆسەکەی بە هەنگاوێک بەرەو "خۆکوژیی نیشتمانی" ناوبرد.
نەتەنیاهوو لە گوتارەکەیدا کە ئاراستەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی کرد، رایگەیاند کە هەوڵێک هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە ئەو بە "پشتیوانیکارانی تیرۆر" و خوازیاری لەنێوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین ناوی بردن.
نەتەنیاهوو گوتی: "حکومەتێک پشت بە لایەنگرانی حەماس و ئیسلامی تووندڕۆ ببەستێت، نە شەڕی حەماس دەکات، نە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی جوو دەپارێزێ و نە دەتوانێت هەڕەشەی ئێران نەهێڵێت یان سەربازەکانمان لە غەززە و لوبنان بپارێزێ."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەو حکومەتە ئەگەرییە، سەربازانی سوپای ئیسرائیل بە "تاوانباری جەنگ" ناودەبەن؛ هۆشداریشی دا لەوەی پشتبەستنی ئەو دەسەڵاتە بەو لایەنانە ئیسرائیل لە ناوەوە پارچەپارچە دەکات و گوتی: "ئەو ئاگر و پشێوییەی لە شەقامەکانی پاریس و برۆکسل دەیبینین، بەراورد بەوەی لە ئۆرشەلیم، تەلئەڤیڤ و حەیفا دەیبینین زۆر بچووک دەبێت، ئەمەش دۆخێکە ئەگەر رێگری لێ نەکرێت، رووبەڕووی دەبینەوە."
نەتەنیاهوو داوای پێکهێنانی "حکومەتێکی یەکڕیزیی نیشتمانی" کرد کە سەرجەم پارتەکانی "بەرەی نیشتمانی" و "پارتە زایۆنییەکان" لەخۆبگرێ، بە ئامانجی "نەهێشتنی یەکجارەکیی مەترسیی ئەتۆمیی ئێران"، پاراستنی ناسنامەی جووی دەوڵەتەکە و دەستەبەرکردنی یەکڕیزی لەم قۆناخە چارەنووسسازەدا.
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل بەربژێرێک بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێردرێ.
پارتەکەی گادی ئایزنکۆت و سێ پارتە هاوپەیمانەکەی 48 کورسییان لە هەڵبژاردنی 27ی تشرینی یەکەمدا بردەوە.
لەو هەڵبژاردنەدا پارتی لیکودی نەتەنیاهوو و سێ پارتە هاوپەیمانەکەی 53 کورسیان بردەوە.
پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 61 کورسییە.

