رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە سێ کەشتیی گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمز تەقیونەتەوە و ئاگریان گرتووە؛ ئەمەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەی کە کەوتووەتە چەقی ململانێی نێوان تاران و واشنتن.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی "سپاهـ نیوز" بڵاویکردەوە: "لە کاتەکانی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە سێ کەشتیی گواستنەوەی نەوتی سەرپێچیکار لە کاتی تێپەڕبوونیان بە رێڕەوێکی نایاساییدا لە تەنگەی هورمز تەقینەوە و ئاگریان گرت." بەڵام لە راگەیێندراوەکەدا ناوی کەشتییەکان یان ئاڵای وڵاتەکانیان ئاشکرا نەکراوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە ئاگر لە کەشتییەکی گوێزەرەوەی نەوت لە نزیک کەناراوەکانی خەسەب لە عومان کەوتووەتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری سەرجەم ستافی کەشتییەکەیان رزگارکردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کەشتییەکی دیکەش لە هەمان ناوچەدا بە "مووشەکێکی نادیار" پێکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئیمارات (وام) رایگەیاند، پاسەوانی کەناراوەکانی ئەو وڵاتە توانیویانە 22 کەس رزگار بکەن، دوای ئەوەی کەشتییەک کە لە دەریای عومان ئاگری گرت.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، درەنگی شەوی شەممە دەنگی چەندین تەقینەوە لە دوورگە و شارەکانی قشم، سیریک، جاسک و بەندەر عەباس لە باشووری ئێران بیستراوە بێ ئەوەی هۆکارەکەی روون بکرێتەوە.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی رابردوو ئاشکرای کردبوو، وڵاتەکەی بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانیی لە دوورگەی قشم لە ئێران کردووەتە ئامانج، تاران لە بەرامبەردا جەختی لە مافی وەڵامدانەوەی خۆی کردەوە. پێشتریش فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، هاوکاریی وڵاتانی کەنداوی کردووە بۆ هەناردەکردنی 1.5 ملیار بەرمیل نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە و رێڕەوەکەی لە مینە دەریاییەکان پاککردووەتەوە.


