ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆککۆماری ئیسرائیل بڕیاری دا ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی بە گادی ئایزنکۆت، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن بسپێرێت. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت زۆرینەی پەرلەمانتاران پێشنیازی ئایزنکۆتیان کرد و ئەگەری دوورخستنەوەی بنیامین نەتانیاهوو لە دەسەڵات گەیشتە بەرزترین ئاست.
ئەمڕۆ شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی سەرۆککۆماری ئیسرائیل رایگەیاند، هێرزۆگ بە فەرمی گادی ئایزنکۆت، سەرۆکی پارتی یەشاری ئاگادارکردووەتەوە لە بڕیارەکەی بۆ راسپاردنی تاوەکو حکومەت پێکبهێنێت.
رێوڕەسمی فەرمیی راسپاردنەکە رۆژی یەکشەممە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە قودس-ئۆرشەلیم بەڕێوەدەچێت.
هەڵوێستی پارتی یەشار و پەیام بۆ لیکود
پارتی یەشار بە سەرۆکایەتیی گادی ئایزنکۆت، داوای لە هاوپەیمانەکانی پارتی لیکوود کرد کە سەر بە نەتانیاهوون بێنە نێو هاوپەیمانییەکەیان، بەڵام بە مەرجێک کە بە ئاشکرا هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ پارتە تووندڕۆکان رابگەیێنن.
ئەم داواکارییەی پارتی یەشار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دوای ئەوە هات نەتانیاهوو داوای پێکهێنانی حکومەتێکی یەکڕیزیی نیشتمانی کردبوو. پارتی یەشار دەڵێ، "ئەگەر لیکوود ئارەزووی یەکڕیزی دەکات، دەتوانێت بچێتە نێو ئەو حکومەتەی کە ئایزنکۆت سەرۆکایەتیی دەکات."
هۆشدارییەکانی نەتانیاهوو بۆ پارتە عەرەبییەکان
لەلایەکی دیکەوە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هۆشداریی تووندی دا و گوتی: "هەر حکومەتێک کە لەسەر بنەمای هاوپەیمانی لەگەڵ پارتە عەرەبییەکان و ئیسلامییەکان پێکبهێندرێت دەبێتە هۆی داڕمانی دەوڵەتی ئیسرائیل."
نەتانیاهوو دۆخی ئەو حکومەتەی بەو گۆڕانکارییانە چواند کە لە وڵاتانی ئەورووپادا روودەدەن و داوای کرد تەواوی پارتە زایۆنیستەکان حکومەتێکی یەکڕیزیی نیشتمانی پێکبهێنن تاوەکو دەوڵەتی جوو بپارێزن.
هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) لە 27ی تشرینی یەکەمی 2026 لە کاتێکدا بەڕێوەچوون کە وڵاتەکە لەژێر سایەی سێ ساڵ جەنگ و دابەشبوونێکی قووڵی سیاسی لە سەردەمی دەسەڵاتی نەتانیاهوودا دەژیا.
لەو هەڵبژاردنەدا هیچ بەرەیەک نەیتوانی زۆرینەی رەهای کورسییەکان مسۆگەر بکات بەڵام لە راوێژەکانی سەرۆککۆماردا 67 ئەندامی کنێسێت پێشنیازی ئایزنکۆتیان کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت لە بەرامبەر 46 ئەندام کە پشتیوانییان لە نەتانیاهوو کرد.
ئایزنکۆت کە سوپاسالاری پێشووی ئیسرائیلە توانیویەتی دەنگی لایەنە عەلمانی و لیبڕاڵەکان بەدەستبهێنێت و دەرگای بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ جووە ئۆرسۆدۆکسەکان و پارتی عەرەبیی رەعەم کردووەتەوە تاوەکو زۆرینەی پێویست پێکبهێنێت، ئەمەش ئەگەری کۆتاییهێنان بە درێژترین سەردەمی دەسەڵاتی نەتانیاهوو لە مێژووی ئیسرائیلدا زۆر بەهێز کردووە.

