رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان دوو درۆنی پێشکەوتووی ئەمریکایان لە ئاسمانی بەندەر خەمیر کردووەتە ئامانج و خستوویانەتە خوارەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026 سوپای پاسداران رایگەیاند، دوای کاراکردنی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەی هورمزگان، توانیویانە "بە سەرکەوتوویی" درۆنێکی سوپای ئەمریکا لە جۆری (لوکاس) بخەنە خوارەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دورۆنی لوکاس لەسەر شێوەی درۆنی شاهێد 136ی ئێران دروستکراوە و دەتوانێت مەودایەکی دوور ببڕێت، هاوکات بە خێرایی بگاتە سەر ئامانجەکەی و توانایەکی وێرانکەری هەیە، کە تێچووەکەی لە دروستکردنی مووشەک زۆر کەمترە.
ئەوە لە تێکدایە سوپای پاسدارانی ئێران درەنگی شەوی رابردوو رایگەیاندبوو، دوو درۆنی ئەمریکیان لە تەنگەی هورمز خستەخوارەوە و دەستیان بەسەر دوو درۆنی دیکەدا گرتووە.
تاوەکو ئێستا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و بەرپرسانی سەربازیی واشنتن هیچ لێدوانێکیان لەسەر خستنەخوارەوە یان کۆنتڕۆڵکردنی ئەو درۆنانە نەداوە.
راگەیاندنی خستنەخوارەوەی ئەم درۆنانە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی پێنج تەقینەوەی بەهێز لە دوورگەی قیشم بیستراوە و فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە.
لە بەرامبەردا، میدیاکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، سوپای ئەمریکا چەندین پێگەی سەربازیی سوپای پاسدارانی لە دوورگەی قیشم لە باشووری ئێران کردووەتە ئامانج، کە لە نێویاندا سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی بالیستی هەبووە.


.jpg&w=3840&q=75)

