رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن کۆتایی بە رێککەوتننامەی هاوکاریی ئەمنیی 10 ساڵەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دەهێنێت؛ رێککەوتنێک کە بەپێی بەندەکانی، ساڵانە بڕی 3.8 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی و ئەمنی بە تەلئەڤیڤ دەبەخشێ و بڕیار بوو تاوەکو 2028 بەردەوام بێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ میدیای وڵاتەکەى دوا و گوتی، بڕیارەکە دوای هەماهەنگی و رێککەوتن لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دراوە و تەلئەڤیڤ "هیچ کێشەیەکی لەگەڵ راگرتنی ئەو هاوکارییانە نییە."
لە گوتەکانیدا ترەمپ ستایشی پێگەی ئیسرائیلی کرد و گوتی، "ئیسرائیل هاوپەیمانی ژمارە یەکی ئێمەیە و لە مێژوودا زیاتر لە هەر وڵاتێکی تر هاوکاریمان پێداون، بەڵام راستییەکە ئەوەیە ئەوان ئیدی پێویستیان بەو هاوکارییە نەماوە. ئەگەر پێویستیشیان پێی بووایە دەمگوت با بەردەوام بێت، هەر کاتێکیش لە داهاتوودا پێویستیان بێت، بەهانایانەوە دەچین."
پەیامێک بۆ بەرەی چەپ لە رۆژی هەڵبژاردندا
راگەیاندنی ئەم بڕیارە لە رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنی نیوەی خول، پەیوەستکرا بە ململانێ سیاسییە تووندەکانی نێو ئەمریکا و دەنگۆی گوشارەکانی بەرەی پێشکەوتنخوازی دیموکراتەکان.
ترەمپ راستەوخۆ هێرشی کردە سەر عەبدولڕەحمان ئەلسەید، بەربژێری دیموکراتەکانی بۆ ئەنجوومەنی پیران لە ویلایەتی میشیگن، بڕیارەکەی بە وەڵامێک بۆ ئەوان پێناسە کرد و گوتی، "بۆچی دەبێت بەردەوام تیر و توانجی کەسانی شێتی وەک ئەلسەید قبووڵ بکەین، لە کاتێکدا ئیسرائیل خۆی پێویستی بەو پارەیە نییە؟"
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی لە دۆخێکی جەنگ و ئاڵۆزیی گەورەدایە؛ لە شوباتی 2026ـەوە ئەمریکا لە پێکدادانی سەربازیی هەشت مانگەدایە لەگەڵ ئێران، هاوکات گوشاری دارایی و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بارگرانییەکی گەورەی لەسەر ئیدارەکەی دروستکردووە.
رێککەوتنەکە لە 2016 لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما لە شێوەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی 10 ساڵە واژۆ کرا و لە 2019 کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، کۆڵەکەی سەرەکیی سیستمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل (لەوانەش سیستمی دژەمووشەکیی گومبەزی ئاسنین و پڕۆژە سەربازییە هاوبەشەکان)ی پێکدەهێنا.
هەڵوەشاندنەوەی ئەم هاوکارییە 3.8 ملیار دۆلارییە لەم ساتەوەختەدا، رەنگە پەیوەست بێت بە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە دەرەکییەکان و راگرتنی رەخنەی دەنگدەرانی گەنج، کە ناڕازین لە خەرجکردنی باجی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە دەرەوەی وڵات، ئەوەش لە کاتێکدا کە تەلئەڤیڤ خۆی پێداگری لەسەر لێدانی سەربازیی قورستر دژ بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی تاران دەکات.
لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس، پرسی هاوکارییە سەربازییە دەرەکییەکان بووەتە یەکێک لە گەرمترین تەوەرەکانی ململانێی نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان. بەرەی چەپ و پێشکەوتنخوازی دیموکراتەکان لەگەڵ ستریمەر و دەنگە کاریگەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەمپینێکی بەرفراوانیان بۆ راگرتنی یارمەتیدانی دارایی تەلئەڤیڤ دەستپێکردبوو، بەشێکی زۆری دەنگدەرانی گەنجیان لەسەر ئەم پرسە جۆش دابوو.
هەنگاوەکەی ترەمپ لە رۆژی هەڵبژاردندا وەک لێدانێکی پێشوەختە و بەتاڵکردنەوەی کارتی دەستی پێشکەوتنخوازەکان لە قەڵەم دەدرێت، تاوەکو رێگری لە دزەکردنی دەنگی ناڕازیی گەنجان بۆ بەرەی دیموکراتەکان بکات و هاوکات باڵادەستیی گوتاری "ئەمریکا لە پێشینەیە" بەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا بچەسپێنێت.



